داوا له‌ بایدن ده‌كرێت گوانتانامۆ دابخات

زیندانیانی گوانتانامۆ
زیندانیانی گوانتانامۆ

K24 ـ هه‌ولێر:

دوابەدوای هێرشەکانی 11ی ئەیلوول و لە میانه‌ی جەنگی نێودەوڵەتی دژ بە تیرۆر، ئەمه‌ریکا زیندانی گوانتانامۆی کردەوە، دوای 21 ساڵ له‌ دامەزراندنی ئەو زیندانە، جارێکی دیکە ره‌خنه‌ی ئاراسته‌كرایه‌وه‌.

زیاتر لە 150 رێکخراوی کۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتی کە لەسەر ئاستی ئەمه‌ریکا و جیهان چالاکن، نامەیەکیان ئاراستەی سەرۆکی ئەمه‌ریکا، جۆ بایدن کرد و تێیدا داوایانکرد بەزووترین کات زیندانی گوانتانامۆ دابخات.

لە نامەکەدا هاتووە، گوانتانامۆ، بەردەوامە لە رۆڵی خۆی وەک نموونەی شەرعییەتدان بە چەقبەستوویی و تاکڕەوی، گوانتانامۆ، مەترسیییەکانی وەک جیاکاریی نەژادیی، نەژادپەرستی و ئاسانکاری بۆ پێشێلکردنی ماف، دروست دەکات.

هەروەها باس لەوەش کراوە، دەمێکە کاتی ئەوە تێپەڕیوە کە گۆڕانکاریی ریشەیی لە یاسا ئەمنییەکانی دوای 11ی ئەیلوولدا ئەنجامبدرێت، داواش لە جۆ بایدن کراوە بە زووترین کات بکەوێتە خۆ بۆ داخستنی زیندانی گوانتانامۆ.

لە لایەکی دیکەوە، رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، پڕۆگرامێکی ئۆنلاینی رێکخست کە تێیدا نوێنەرانی رێکخراوەکانی کۆمەڵگه‌ی مەدەنی، هونەرمەندان و بەندکراوەکانی پێشووی زیندانی گوانتانامۆ لە بارەی رەوشی زیندانەکەوە گفتوگۆیانکرد.

دافنی ئێڤییەیتەر بەڕێوبەری ئاسایش و مافەکانی مرۆڤی ئەمه‌ریکا لە رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، لە میانی گوتەیەکیدا باسی لەوە کرد، تا ئێستا لە گوانتانامۆ دەستبەسەرکردن بەبێ دیاریکردنی وادە، بەردەوامە و ئەمەشی وەک نموونەیەکی ئاشکرای پێشێلکردنی سەروەری یاسا وەسفکرد و گوتی "لە گوانتانامۆ 35 زیندانی هەن کە تا ئێستا دەستبەسەرن و نەبراونەتە بەردەم دادگا، ئەمەش مۆتەکەیە".

لە چوارچێوەی سیاسەتی "جەنگی نێودەوڵەتی دژبەتیرۆر"، سەرۆکی پێشووی ئەمه‌ریکا، جۆرج بۆش له‌ کانوونی دووەمی 2002، دروستکردنی زیندانێکی لە کەنداوی گواناتانامۆی کوبا راگەیاند، کە تایبەتە بەو کەسانەی بە گومانی ئەندامێتی رێکخراوە تیرۆریستییەکان دەستگیردەکرێن.

بەگوێرەی تۆمارەکانی وەزارەتی بەرگریی ئەمه‌ریکا، تا ئێستا 797 کەس کە هاووڵاتی وڵاتانی ئەفغانستان، عێراق و وڵاتانی دیکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوون لە زیندانی گوانتانامۆ بەندکرابوون.