ئەمەریکا بەمەرج F16 بە تورکیا دەفرۆشێت

K24 - هەولێر:

ئەمەریکا ئه‌ندامێتی سوید و فینلەندا‌ی وه‌ك مه‌رج بۆ توركیا داناوه‌ ئه‌مه‌ش لە بەرامبەر فرۆشتنی فڕۆکەی جەنگی F16.

چەند بەرپرسێکی ئەمەریکا بۆ رۆژنامەی واڵ ستریت جۆرناڵ ئاشکرایانکرد، ئیدارەی جۆو بایدن داوا لە کۆنگرێس دەکات، بە بڕی 20 ملیار دۆلار رەزامەندی لەسەر فرۆشتنی فڕۆکەی جەنگی ئێف16 بە تورکیا بدات.

بەرپرسە ئەمەریکییەکان ئاشکرایانکردووه‌، داواکارییەکە 40 فڕۆکەی F16 لەخۆدەگرێت، بەڵام مەرجی کۆنگرێس بۆ فرۆشتنی فڕۆکەکان بە تورکیا، رەزامەندی ئەنقەرەیە بۆ ئەندامبوونی سوید و فینلەندا لە ناتۆ.

هەروەها داوا لە کۆنگرێس کراوە، رەزامەندی لەسەر بدات بۆ فرۆشتنی 30 فڕۆکەی F35 بە یۆنان.

دوای ماوەیەک لە دەستپێکردنی جەنگی نێوان ئۆکرانیا و رووسیا، هەردوو وڵاتی سوید و فینلەندا ویستی خۆیان بۆ چوونە نێو هاوپەیمانێتی ناتۆ دەربڕی و تورکیاش کە ئەندامی ئەو هاوپەیمانێتییەیە، رازی نەبووە بە هاتنی ئەو دوو وڵاتە بۆ نێو ناتۆ و رایگەیاند، تەنیا بە مەرج بە ئەندامبوونی سوید و فینلەندا لە ناتۆ رازی دەبێت.

بۆ ئەو مەبەستەش، لە مانگی حوزەیرانی 2022دا رێککەوتنێکی سێ لایەنە لەنێوان تورکیا، سوید و فینلەندا واژۆکراوە، لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنەدا تورکیا داوای لە سوید کردووە ژمارەیەک لەو کەسانەی بە تۆمەتی ئەندامبوون لە ریزەکانی پەکەکە و بزووتنەوەی فەتحوڵڵا گولەن داواکراون و لە سوید نیشتەجێن رادەستی تورکیا بکرێنەوە.