پەرلەمانتارانی ئەڵمانیا دان بە جینۆسایدکردنی ئێزیدییەکان دەنێن

ژماره‌یه‌ك هاووڵاتی ئێزدی له‌ كاتی هه‌ڵدانه‌وه‌ی گۆڕی كه‌سوكاریان
ژماره‌یه‌ك هاووڵاتی ئێزدی له‌ كاتی هه‌ڵدانه‌وه‌ی گۆڕی كه‌سوكاریان

K24 - هەولێر:

دێریا تورک ناچپور، پەرلەمانتاری پارتی سۆسیال دیموکراتی ئەڵمانیا رایگەیاند، سێ گروپە پەرلەمانییەکەی هاوپەیمانی دەسەڵاتدار لەگەڵ پەرلەمانتارانی پارتی پارێزگاران رێککەوتوون لەسەر پێشنیازێک بۆ بەجینۆسایدناساندنی كۆمەڵكوژی ئێزدییەكان.

ئاماژەی بەوەشدا، بەنیازن رۆژی پێنجشەممە (19می کانوونی دووەم) پێشنیازەکە لە پەرلەمانی ئەڵمانیا بیخەنەڕوو.

بەگوێرەی رەشنووسی بەیاننامەکە کە ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویكردووەتەوە، تاوانەکانی دژ بە ئێزیدییەكان بەجینۆساید دەناسێنن، ئەمەش دوای هەڵسەنگاندنی یاسایی لەلایەن لێکۆڵەرانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، دوای هەنگاوی هاوشێوەی ھۆڵەندا و بەلجیکا و ئوستراڵیا.

میر حازم بەگ، میری ئێزدیان لەوبارەیەوە بە کوردستان24ـی راگەیاندبوو، تا ئێستا 12 وڵات دانیان بە جینۆسایدی ئێزدیان داناوە و بڕیارە 19ـی ئەم مانگە لە پەرلەمانی ئەڵمانیا بە مەبەستی داننان بە جینۆسایدی ئێزدییەکان، پێشوازیمان لێبکرێت.

لە کاتی پەلاماردانی شنگال لەلایەن داعشەوە، بە توندترین و دڕندانەترین شێوە کوردانی ئێزدی کەوتنە بەر شاڵاوی جینۆسایدکردن و 6417 کوردی ئێزدی و لەلایەن چەکدارانی ئەو رێکخراوە رفێندران، کە تا ئێستا بە هاوکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان توانراوە  3562 کەسیان رزگاربکرێت و ئەوانی دیكه‌ تا ئێستاش بێ سەروشوێنن.

هەروەها بەشێکیان لە گۆڕە بە کۆمەڵەکاندا کۆمەڵکوژ و جینۆسایدکران، کە تا ئەمڕۆ 83 گۆڕی بە کۆڵ دۆزراونه‌ته‌وه‌ و لەگەڵ ئەوەش دا داعش 68 مەزارگە و پەرستگای تایبەت بە کوردانی ئێزدی لەناوبردن و وێرانیانکردن.

لە کۆمەڵکۆژییه‌كه‌ی شنگال دا، 2745 منداڵ بێ دایک و باوک ماونه‌ته‌وه‌، لەگەڵ ئه‌وه‌شدا نزیکەی 400 هه‌زار کوردی ئێزدی ئاوارەبوون و تائێستاش زۆربەی هەرە زۆریان نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ و لەژێر چادری کەمپەکان لە ژیانێکی سەخت دا ژیانیان بەسەردەبەن.