رووسیا بە دوو مەرج شەڕ لەگەڵ ئۆکرانیا دەوەستێنێت

شاری کرێمینا لە ئۆکرانیا - وێنە: AFP
شاری کرێمینا لە ئۆکرانیا - وێنە: AFP

K24 - مۆسکۆ:

ڤاسیلی نێبێنزیا، نوێنەری هەمیشەیی رووسیای فیدراڵ لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان «UN» رایگەیاند، رووسیا ئامادەیە بۆ سیناریۆیەک کە ئامانجەکانی ئۆپەراسیۆنی تایبەتی سەربازی وڵاتەکەی لە ئۆکرانیادا بە شێوەیەکی ئاشتیانە بەدی بهێنرێت.

ئاژانسی رییانۆڤستی رووسی لە زاری (ڤاسیلی نێبێنزیا)ـەوە ئاماژەی بەوەکردووە، تەنها کاتێک ئۆپەراسیۆنی تایبەتی سەربازی لە ئۆکرانیادا کۆتایی پێدەهێنرێت، کە هەڕەشە بۆ سەر رووسیا لە خاکی ئۆکرانیاوە سەرچاوە نەگرێت و جیاکاری لە دژی دانیشتوانی رووسی زمانی ئەم وڵاتە بوەستێندرێت.

ڤاسیلی نێبێنزیا، نوێنەری هەمیشەیی رووسیای فیدراڵ لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان
ڤاسیلی نێبێنزیا، نوێنەری هەمیشەیی رووسیای فیدراڵ لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان

نێبێنزیا جەختی لەوە کردەوە: ئەگەر بتوانرێت ئەم ئەنجامە لە رێگەی دانوستانەوە بەدەست بهێنرێت، وڵاتەکەی ئامادەیە بۆ سیناریۆیەکی لەو شێوەیە، ئەگەر نا، ئەوا هەموو ئەو ئەرکانەی دانراون بە رێگەی سەربازی بەدی دەهێنرێن.

پێشتر نوێنەری هەمیشەیی رووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاندبوو، کە رەشنووسی بڕیارنامەی "پلانی ئاشتی" کە کیێڤ بەرەوپێشی دەبات، هیچ پەیوەندییەکی بە واقیعەوە نییە.

لەمیانی گوتارەکەیدا لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، ژانگ جون، نوێنەری چین لە رێکخراوەکە رایگەیاند، پێدانی چەکی زیاتر بە ئۆکرانیا، دەتوانێت ببێتەهۆی وروژاندن و پێکدادانی زیاتر.

رۆژی 24 ی شوباتی رابردوو، بە فەرمانی ڤلادیمێر پوتین، رووسیا هێرشی کردە سەر ئۆکرانیا و ماوەی 225 رۆژە شەڕ بەردەوامە.

دوێنێ 13-1-2023 وەزارەتی بەرگری رووسیا رایگەیاند، ناوچەی سۆلێداریان بە تەواوی کۆنترۆلکردووە. جێگری وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا رایگەیاندووە، زیانەکانی ژێرخانی ئۆکرانیا بەهۆی جەنگەوە زیاتر لە 127 ملیار دۆلاری ئەمەریکی تێپەراندووە، ئەگەرچی هەوڵی نێودەوڵەتی هەن، بەڵام پسپۆران لە مۆسکۆ، وەستاندنی شەڕەکە لە ئایندەیەکی نزیکدا بە ئەگەرێکی دوور دەبینن.