خۆراك و وزه له گرنگترین بابه‌ته‌كانی کۆڕبەندی ئابووری داڤۆسی 2023 ده‌بن
K24 – هه‌ولێر:
وابڕیاره له چه‌ند رۆژی داهاتوودا، كاره‌كانی کۆڕبەندی ئابووری داڤۆس له وڵاتی سویسرا ده‌ستبه‌كاره‌كانی بكات كه ماوه پێنج رۆژ ده‌خایه‌نێت.
گرنگی کۆڕبەنده‌كه‌ی ئەمساڵ لەوەدایە جیهان هێشتا گیرۆدەی چه‌ندین قەیران و لێکەوتەکانی کۆرۆنایە، هه‌روه‌ها جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا لە ساڵێک نزیکدەبێتەوە و هێشتا كۆتایی نه‌هاتووه، ئابووری جیهان و سیستمی کۆمەڵایەتی و هەڵئاوسانی ئابووری بەرۆکی جیهانی گرتووە.
ئەمساڵ 53ـیەمین کۆڕبەندی ئابووری داڤۆس لە (16 بۆ 20ی کانوونی دووەم/یه‌نایری 2023) بە بەشداری زیاتر لە 2500 سەرکردە، نوێنەری وڵاتان، بزنسمان، چالاکوان، کەسانی کاریگەر و خاوەن پێگە له‌و بوارانه‌ی كۆڕبه‌نده‌كه گفتوگۆی له‌باره‌وه ده‌كات، لەژێر ناونیشانی "هەماهەنگی لە جیهانێکی پەرتەوازەدا" بەڕێوەدەچێت.
به‌گوێره‌ی به‌رنامه‌ی كۆڕبه‌نده‌كه، ئەو قەیرانانەی لە کۆڕبەندەکەدا باس دەکرێن بریتین لە، قەیرانی خۆراک و وزە، هەڵئاوسان و سستی گەشەی ئابووری، پیشەسازی و رۆڵی کەرتی تایبەت، کێشە کۆمەڵایەتییەکان و مەترسییە جیۆسیاسییەکان.
کۆڕبەندی ئابووری داڤۆس پلاتفۆرمێکە بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ئەو کێشە و ئاستەنگانەی رووبەرووی جیهان بوونەتەوە، بۆ ئەمساڵ ئامانجیەتی بە دیالۆگ و هەماهەنگی هه‌ردوو کەرتی تایبەت و گشتی چارەسەرێک بۆ قەیرانە جیهانییه‌کان بدۆزێتەوە.
داڤۆس شارۆچکەیەکە لە دامێنی چیای ئالپ، كه بەرزترین شارۆچکەی ئەوروپایە و بەرزییەکەی ده‌گاته 1560 مەتر لەسه‌ر ئاستی رووی دەریا، كه یه‌كێكه لە شارە جوان و دڵفڕێنەكان و كەوتووەتە سەر رووباری لاندویسه‌ر لە ناوچەی براتیگۆی سەر بە هه‌رێمی گرۆباندن لە وڵاتی سویسرا، ساڵانه‌ش له وه‌رزی زستاندا به‌هۆی سروشته به‌فراوییه‌كه‌یه‌وه، گه‌شتیارێكی زۆر سه‌ردانی ده‌كه‌ن به ئه‌وانه‌ی خولیای وه‌رزشی خلیسكانی سەر بەفریان هه‌یه.
هه‌روه‌ها كۆڕبه‌ندی ئابووری داڤۆس كه وه‌ك كۆڕبەندی ئابووری جیهانیش ناسراوه به‌هۆی ئه‌وه‌ی لە شاری داڤۆسی سویسرا به‌ڕێوه‌ده‌چێت ئه‌و ناوه‌ی هه‌ڵگرتووه، له‌لایه‌ن رێكخراوێكی ناحكومی قازانج نەویستەوه به هه‌مان ناو سه‌رپه‌رشتی كاروباره‌كانی ده‌كرێت و بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1971 کڵاوس شواپ، پرۆفیسۆر لە زانکۆی جنێڤ بیرۆکەی ئه‌و کۆڕبەنده‌ی داڕشتووە.
لە 50 ساڵی رابردوودا داڤۆس بووەتە پلاتفۆرمێکی گرنگ بۆ کۆکردنەوەی نوێنەرانی حکومەت، بزنس، ئەکادیمی، چالاکی کۆمەڵایەتی و کەسانی خاوەن پێگە لەژێر چه‌ترێك كۆده‌كاته‌وه و ئه‌م کۆڕبەندەوە بووه‌ته هۆی چەندین رێککەوتنی گرنگ لە نێوان وڵاتان و کۆمپانیاکان و چارەسەریش بۆ چەندین قەیرانی جیهانی دۆزراوەتەوە.
سه‌باره‌ت به‌و كۆمپانیا جیهانیانه‌ی كه به‌شداری ئه‌و كۆڕبه‌نده ده‌كه‌ن، مه‌رجه ئه‌ندامبن له كۆڕبه‌نده‌كه و داهاتی ساڵانه‌شیان له ملیارێك دۆلار زیاتربێت، هه‌روه‌ها ساڵانه زیاتر له 12 هه‌زار دۆلار وه‌ك ئابوونه به رێكخه‌رانی كۆڕبه‌ندی داڤۆس بدات و بۆ به‌شداری له پانێله‌كانیش ده‌بێت به 250 هه‌زار دۆلار بدات، ئه‌گه‌ر هاوبه‌شی ساڵانه‌ش بێت نزیكه‌ی 80 هه‌زار دۆلاری ساڵانه ده‌دات.