پرۆژه‌یه‌كی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گه‌رمیان به‌ پارێزگاكانی عێراق و ئێران ده‌به‌ستێته‌وه‌

رێگای کەلار - دەربەندیخان
رێگای کەلار - دەربەندیخان

K24 – هه‌ولێر:

كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان یه‌كێك له‌ پرۆژه‌ ستراتیژییه‌كانی له‌ ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی گه‌رمیان جێبه‌جێ ده‌كات كه‌ بریتییه‌ له‌ پرۆژه‌ی رێگای كه‌لار – ده‌ربه‌ندیخان، كه‌ به‌ ته‌واوبوونی گه‌رمیان به‌ پارێزگاكانی دیكه‌ی عێراق و ئێران ده‌به‌ستێته‌وه‌.

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ (14ـی كانوونی دووه‌م/یه‌نایری 2023)، فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڵاویكرده‌وه‌، ‎پرۆژەی رێگای کەلار - دەربەندیخان، لە دوو قۆناغ پێکدێت و درێژییەکەی 65 کیلۆمەترە، بەتەواوبوونی هەردوو قۆناغەکەش، رێگای کاتژمێرێک و 25 خولەکی نێوان ئەو دوو شارە، دەبێتە 40 خولەک.

‎له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌، عەدنان خەلیل، بەڕێوەبەری رێگاوبانی گەرمیان، لەبارەی قۆناغی یەکەمی پرۆژەکەوە بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری راگەیاندووه‌، "قۆناغی یەکەمی پرۆژەکە، بە گوژمەی 46 ملیار دینار، بەدرێژایی 24 کیلۆمەتر و پانیی 17 مەتر، تەواوکراوە و خراوەتە خزمەت هاووڵاتییان و شۆفێران".

‎هه‌روه‌ها لەبارەی قۆناغی دووەمی پرۆژەکەوە، بەڕێوەبەری رێگاوبانی گەرمیان ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌، جێبەجێکردنی قۆناغی دووەمی پرۆژەکە بەردەوامە و 58٪ـی کارەکانی تەواوبووە، ئەم قۆناغە 41 کیلۆمەتر درێژە و گوژمەکەی 137 ملیار دینارە كه‌ 35 پردیشی تێدایە کە درێژیان بە چوون و هاتن، دەگاتە 5 کیلۆمەتر.

‎به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری، پرۆژەی رێگای کەلار - دەربەندیخان یه‌كێكه‌ له‌ پرۆژه‌ ستراتیژییه‌كانی حکومەتی هەرێمی کوردستان له‌ ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی گه‌رمیان، كه‌ به‌ ته‌واوبوونی، هەرێمی کوردستان بە ناوچەکانی دیکەی عێراق و وڵاتی ئێران، دەبەستێتەوە.