دیپلۆماتكارێكی به‌ریتانی نهێنی لەسێدارەدانی عەلی رەزا ئەکبەریی ئاشكراكرد

ریچارد داڵتن، باڵیۆزی پێشووی بەریتانیا لە تاران
ریچارد داڵتن، باڵیۆزی پێشووی بەریتانیا لە تاران

K24 – هه‌ولێر:

باڵیۆزی پێشووی بەریتانیا لە ئێران رایگەیاند، هۆکاری لەسێدارەدانی عەلی رەزا ئەکبەریی، بۆ هەوڵەکانی بەریتانیا دەگەرێتەوە بۆ بە تیرۆریست ناساندنی سوپای پاسداران.

ریچارد داڵتن، باڵیۆزی پێشووی بەریتانیا لە تاران رایگه‌یاند، دوو هۆکار لەپشت لەسێدارەدانی هاووڵاتییە بەریتانیەکەوە هەن. یەکەمیان، ئێران دەیەوێت خەڵکی چاوترسێن بکات و پێیان بڵێت هەرکەسێک کار لەگەڵ دوژمنان بکات، چارەنووسی عەلی رەزا ئەکبەری دەبێت. دووەم هۆکاریش، بۆ گوشارەکان دەگەڕێتەوە لەسەر حکومەتی بەریتانیا بۆئەوەی سوپای پاسدارانی ئێران بخاتە لیستی تیرۆرەوە. ئێران دەیەوێت رێگری لەو هەوڵانە بکات.

ئەم هەفتەیە لە پەرلەمانی بەریتانیا چەند پەرلەمانتارێک دەنگیاندا بە ناساندنی سوپای پاسدارانی ئێران وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، رۆبێرت ماڵی نوێنەری تایبەتی ئەمه‌ریکا بۆ كاروباری ئێران رایگەیاند، پێویستە کۆماری ئیسلامی ئێران دەستبەجێ کۆتایی بە لەسێدارەدانە سیاسیەکانی بهێنێت.

هه‌روه‌ها ده‌شڵێت: "بە بیستنی هەواڵی لەسێدارەدانی عەلیرەزا ئەکبەری، هاووڵاتی بەریتانی بەرگەز ئێرانی شۆک بووم. پێویستە کۆماری ئیسلامی ئێران کۆتایی بە دەستگیرکردنی نایاسایی، دانپێدانانی بەزۆر، دادگاییەکردنی شەرمهێنەر و لەسێدارەدانە سیاسیەکانی بهێنێت".

بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، عەلی رەزا ئەکبەری، جێگری وەزیری بەرگریی پێشووی ئێران، بەتۆمەتی سیخوڕی لەسێدارە درا.

ئه‌مڕۆش ناوەندی هەواڵی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران بڵاویكرده‌وه‌، عەلی رەزا ئەکبەری کە هه‌ڵگری هه‌ردوو رەگەزنامەی ئێرانی و بەریتانی بوو، بە تاوانی سیخوڕیکردن بۆ بەریتانیا و جووڵانەوە لە دژی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، لە سێدارەدرا.