هونەرمەند شادمان مەلا عەزیز کۆچی دواییکرد

"بە نەخۆشی شێرپەنجە گیانی له‌ده‌ستدا"
هونەرمەند شادمان مەلا عەزیز
هونەرمەند شادمان مەلا عەزیز

K24 - سلێمانی:

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی رۆشنبیریی و هونەری سلێمانی رایگەیاند، هونەرمەند شادمان مەلا عەزیز سەحاف کۆچی دواییکرد.

ئەمڕۆ یەکشەممە (15ی کانوونی دووەم/یه‌نایه‌ری 2023)، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی رۆشنبیری و هونەری پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، "بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە، هەواڵی كۆچی دوایی هونەرمەندی بەئەزموونی بواری شانۆ و دراما (شادمان مەلا عەزیز) رادەگەیەنین، پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی خانەوادە و بنەماڵەی بەڕێزیان و ھونەرمەندانی کوردستان دەکەین".

شادمان مەلا عەزیز سەحاف، جگە لە کاری هونەری، کارمەندی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی هاتووچۆی سلێمانی بووە، لە پرسە نامەیەکدا بەڕێوەبەرایەتی گشتیی هاتووچۆی سلێمانی ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌، "‎ دڵگرانین بە کۆچی دوایی کارمەندی بەشی راگەیەندن - رادیۆی ترافیک (شادمان مەلا عزیز سەحاف) کە ئەمڕۆ بە نەخۆشی شێرپەنجە گیانی پاکی سپارد، بەناوی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانییەوە پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵە و کەس و کارو هاورێیانی خوالێخۆشبوو دەکەین".

شادمان مەلا عەزیز سەحاف، ساڵی 1959 لە سلێمانی لەدایکبووە، باوکی کەسایەتییەکی ناوسراوی شارەکە بووە، کە پیشەیەکی تایبەتی هەبووە کە بەرگرتێگرتنەوەی کتێب و نووسراوەکان بووە، خۆشی ساڵانێکی زۆر لە دووکانەکەی باوکیدا کاریکردووە.