دەمیرتاش: ئەمڕۆ سوپرایزمان دەبێت

K24 – هەولێر

سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووتری پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) رایگەیاند، لە گردبوونەوەی جەماوەریی ئەمڕۆ سوپرایزان دەبێت.

لە راگەیەندراوێکدا سەڵاحەدین دەمیرتاش لە هەژماری فەرمی خۆی لە تویتەر رایگەیاند، گردبوونەوەکەی ئەمڕۆ زۆر گرنگە و پێویستە لایەنگرانیان لە گۆڕەپانەکەدا ئامادەبن و بە ئاکپارتی نیشان بدەن کە کێ دادەخرێت.

دەمیرتاش راشیگەیاندووە لە یەکەم گردبوونەوه‌ی جەماوەریی هاوپەیمانیی رەنج و ئازادیدا سوپرایزیان دەبێت و ئەمڕۆ ئاشکرای دەکەن.

بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە 15/1/2023، کاتژمێر 1ـی دوای نیوەڕۆ گردبوونەوەی جەماوەریی هاوپەیمانی رەنج و ئازادی لە گۆڕەپانی کارتاڵ ـی شاری ئیستانبوڵ بەڕێوەبچێت.

پرسی داخستنی هەدەپە بووەتە رۆژەڤ لە تورکیا لە 5/1/2023، دادگای ده‌ستووری توركیا بڕیاریدا هاوكارییه‌ داراییه‌كانی گەنجینە‌ بۆ هه‌ده‌په‌ رابگیرێن، هاوكات سه‌رۆكایه‌تی دادگای باڵای توركیا له‌ 17ی ئاداری ساڵی 2021 پرسی داخستنی هه‌ده‌په‌ی جوڵاند و داوایكرد، كاری سیاسی له‌ 451 سیاسه‌تمه‌داری هه‌ده‌په‌ قه‌ده‌غه‌ بكرێت.