پۆلیسی ئیتالیا 38 قاچاخچی دەستگیر دەكات

لەماوەی ساڵێکدا زیاتر لە 6 ھەزار پەنابەر لەرێگەی دەریاوە خۆیان گەیاندۆتە ئەو وڵاتە

K24 - ھەولێر

پۆلیسی ئیتالیا ئاشکرایکرد لە چەند ئۆپەراسیۆنێکدا كە لە ژمارەیەك شاری جیاواز ئەنجامیانداوە توانیویانە 38 قاچاخچی دەستگیر بکەن، قاچاخچیەکان 25 یان خەڵکی ئەریتریا و 12یان ئەسیوبی و یەک قاچاخچیان ئیتالییە.

بە گوتەی پۆلیس  دەستگیر کراوەکان بە گەورەترین باندی قاچاخچی دادەنرێن لە ئیتالیا و باکووری ئەفریقا. قاچاخچیەکان بە ھەزاران پەنابەریان لەرێگەی قاچاخەوە گەیاندۆتە وڵاتانی ئەوروپا و جیالەوەش بازرگانیان بە ماددەی ھۆشبەرەوە کردووە.

لەگەڵ دەستگیر کردنی قاچاخچیەکاندا دەست بەسەر ئەو پارانەدا گیراون کە قاچاخچیەکان لەرێگەی حەواڵەوە لە پەنابەرانیان وەرگرتووە.

لەدوای جەنگی جیھانی دوەمەوە ئیتالیا ھێندەی ئێستا پەنابەر رووی تێ نەکردووە بەشێویەک تەنھا لەماوەی ساڵێکدا زیاتر لە 6 ھەزار پەنابەر لەرێگەی دەریاوە خۆیان گەیاندۆتە ئەو وڵاتە.