مه‌سرور بارزانی: له‌ سه‌ردانه‌كه‌مان بۆ به‌غدا گه‌یشتینه‌ چەند لەیەکتێگەیشتنێکی سەرەتایی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدراڵی

مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان

K24 – هه‌ولێر:

بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، (100)ـه‌مین کۆبوونەوەی خۆی ئەنجامدا.

‎به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجامی دوا سەردانی شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مه‌سرور بارزانی بۆ بەغدا و کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق و شاندی دانوستانی حکومەتی فیدراڵ لە (11ـی كانوونی دووه‌م/یه‌نایری 2023) تاوتوێکرا.

‎سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماژەی بەوەدا کە لە کۆبوونەوەکاندا، هەستمان بەوە کرد کەشێکی ئەرێنی و دەرفەتێکی باش هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ لە سەر بنەمای دەستوور و لە چوارچێوەی رێککەوتننامەی لایەنە سیاسییەکان بۆ پێکهێنانی حکومەت و کارنامەی وەزاری پەسەندکراو لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە.

‎هه‌روه‌ها مه‌سرور بارزانی جەختی لەوە کردەوە، لەسەر چەندین بابەتی پەیوەندیدار، لەوانە پرۆژە یاسای بودجەی فیدراڵ بۆ ساڵی 2023، پرۆژە یاسای نەوت و گازی فیدراڵ، ماف و شایستە دەستوورییەکانی پێشمەرگە، جێبەجێکردنی ماددەی 140ی دەستوور و ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان، جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی شنگال و دەرچوونی میلیشیا و هێزە چەکدارە نایاساییەکان و چەندین بابەتی دیکە، گفتوگۆیان کردووە و گەیشتوونەتە چەند لەیەکتێگەیشتنێکی سەرەتایی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.

‎هه‌ر به‌پێی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە خستنەڕووی راپۆرتی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان سەبارەت بە دابینکردنی نەوتی سپی و دوا بەرەوپێشچوونی رێککەوتنی نێوان وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و وەزارەتی نەوتی فیدراڵ لەکاتی سەردانی شاندی باڵای هەرێمی كوردستان بەسەرۆکایەتی مه‌سرور بارزانی لە (11ـى كانوونى دووه‌م/یه‌نایرى 2023) بۆ بەغدا سەبارەت بە جێبەجێکردنی رێککەوتنی ناردنی بەشە نەوتی سپی بۆ هەرێم، کە لەلایەن کەمال محەمەد وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت خرایەڕوو.

‎لە بڕگەی سێیەمی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیراندا، دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان راپۆرتێکی سەبارەت بە دوایین هەنگاوو بەرەوپێشچوونەکانی میکانیزمی جێبەجێکردنی پلانی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ بۆ ساڵی یەکەم خستەڕوو.

له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌، سەرۆکی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وێڕای دەستخۆشی لە رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان بۆ ئامادەکردنی راپۆرتەکە، پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستانیشی بە رێزگرتن و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و چەسپاندن و بەهێزکردنی بنەما دیموکراسییەکان و پەرەپێدانی بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێکهاتە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان هەروەک لە کارنامەی کابینەی نۆیەمدا هاتووە، دووپاتکردەوە.دوای گفتوگۆ و راگۆڕینەوە، ئەنجومەنی وەزیرانی هه‌رێمی كوردستان بە تێکڕای دەنگ راپۆرتەکەی پەسەندکرد.

0
0
0
0
0