زیدان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كاری راهێنه‌رایه‌تی

زینەدین زیدان رەنگە لە ماوەیەکی نزیکدا له‌ شوێنی ماسیملیانۆ ئالێگری ئەرکی راهێنەرایەتی یانەی یوڤێنتوسی ئیتاڵیا وەربگرێت.

دوای دۆڕانە قورسەکەی یوڤێنتوس بەرامبەر ناپۆلی لە گەڕی 18ـی سێریا ئەی ئیتاڵیا، دەنگۆیەک لە ئیتاڵیا بڵاوبووەتەوە، گوایە ماسیمیلیانۆ ئالێگری راهێنەری یانەکە لە پۆستەکەی دووردەخرێتەوە و زینه‌دین زیدان شوێنی ده‌گرێته‌وه‌.

رۆژنامەی لاگازێتا دیلۆ سپۆرتس بڵاویکردووەتەوە، کارگێری خانمە پیرەکە بەنیازە زیدان وەکو راهێنەری نوێ یانەکەی دەست نیشان بکات، بۆیە چاوەڕێ دەکرێت لە ماوەیەکی نزیکدا زیزۆ وەکو راهێنەری یانەکە دەست نیشان بکرێت.

لاگازێتا بڵاویشی کردووەتەوە، خانمە پیرەکە لە پێناو دوورخستنەوەی ئالێگری و دەست نیشانکردنی زیدان وەکو راهێنەری نوێ یانەکەیان، ئامادەن 90 ملیۆن یۆرۆ خەرج بکەن، هەروەها بژاردەیەکی دیکەی پۆستی راهێنەرایەتی ئەو یانەیە، ئانتۆنیۆ کۆنتی راهێنەری پێشووی یانەکە و ئێستای یانەی تۆتێنهامی ئینگلیزە.

زیدان پێشتر له‌ نێوان ساڵانی 1996 تا 2001 وه‌كو یاریزان 212 یاریی بۆ یانه‌ی یوڤێنتۆس كردووه‌، 31 گۆڵ و 49 ئاسیستی كردووه و 9 نازناوی بۆ یانه‌كه‌ بردووه‌ته‌وه‌، ته‌نیا چامپیۆنزلیگی به‌ده‌ستنه‌هێناوه‌، كاتێكیش له‌ 2001 زیدان یانه‌ی یوڤێنتۆسی جێهێشت به‌ڵێنی به هانده‌رانی یوڤی دا رۆژێكدا دێت ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ یانه‌ی یوڤی.