سەنتەری میترۆ: ساڵی رابردوو 431 پێشێلکاری بەرامبەر رۆژنامەنووسان کراوە

"رۆژنامەنووسان تەنانەت لە لیژنەی بینینی مانگ جیاکارییان بەرامبەر کراوە"
ره‌حمان غه‌ریب، رێكخه‌ری سه‌نته‌ری میترۆ بۆ چاودێری كاری رۆژنامه‌وانی
ره‌حمان غه‌ریب، رێكخه‌ری سه‌نته‌ری میترۆ بۆ چاودێری كاری رۆژنامه‌وانی

K24 - سلێمانی:

سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە رۆژنامەنووسان رایگەیاند، ساڵی رابردوو 431 پێشێلکاری بەرامبەر 301 رۆژنامەنووس و دەزگای میدیایی ئەنجامدراوە و بارودۆخی کاری رۆژنامەگەری پڕ ئاستەنگە.

"پارێزەرانی یاسا لە ئەرکەکانیان هەڵدەگەڕینەوە، زەبر و زەنگی هێزە ئەمنییەکان، یاسای رۆژنامەگەری پەکدەخات" ئەمە ناونیشانی راپۆرتی سەنتەری میترۆیە، کە تێیدا ئاماری ئەو پێشێلکارییانە بڵاوکرایەوە، کە ساڵی 2022 بەرامبەر بە رۆژنامەنووسان ئەنجامدراوە و ئەمڕۆ دووشەممە (16ی کانوونی یەکەمی 2023) لە سلێمانی بڵاوکرایەوە.

رەحمان غەریب رێکخەری سەنتەری میترۆ لەبارەی راپۆرتەکەوە دەڵێت "وا ئەمساڵیش راپۆرتی رەوشی ئازادی رۆژنامەگەری بۆ ساڵی 2022 دەخەینە بەردەستی رای گشتیی و سەرۆکایەتییەکانی هەرێمی کوردستان، داتاکان پێمان دەڵێن، کە بارودۆخی کاری رۆژنامەگەری پڕ ئاستەنگە و هێشتا پێشێلکاری نەبووەتە مایەی شەرمەزاری، وەک ساڵانی دیکە، کەشێکی دوژمنکارانە بەرامبەر رۆژنامەنووس لە ئارادایە، تەنانەت رۆژنامەنووسان زۆرینەیان لەناو دەزگا میدیاییەکاندا بێ مافن، گرێبەستی چەوساندنەوەی رۆژنامەنووسان و کەمی و پێنەدانی مووچە بووە بە دیاردە، لە باشترین حاڵەتیشدا مووچەکانیان دوادەکەوێت، جیاکاری زەقیش لە مووچەی خانمان و هاوکارەکانیان لە ئارادایە".

بە گوتەی رەحمان غەریب "ساڵی 2022 رەفتاری هێزە ئەمنییەکان بەرامبەر رۆژنامەنووسان لە کاتی رووماڵکردنی رووداوەکاندا، گۆڕانکاری بەسەردا نەهاتووە، لە زۆربەی ئەو رووداوانەی بەهای هەواڵییان هەیە، ئاستەنگ بۆ رۆژنامەنووسان دروستکراوە، دەستبەسەرکردن بە بێ فەرمانی دادگا، توندوتیژی و شەق وەشاندن، پەلاماردانی راگەیاندن و توندکردنیان لە بنکەکانی هێشتنەوەی پۆلیس و زنیدانی ئاسایش، هەڕەشەکردن و تۆقاندن، جیاکاری و پێنەدانی زانیاری، تەنانەت هەندێک رۆژنامەنووس پێش چوون بۆ رووماڵی خۆپیشاندان، لە بەردەم ماڵەکانیان دەستگیرکراون".

رێکخەری سەنتەری میترۆ باسی لەوەشکرد، کە تیمەکانی رۆژنامەوانییەکان، لەناو باخچە و تێرمیناڵ، لەبەردەم زانکۆ و چێشتخانە و نەخۆشخانە، لەبەردەم بانک و کۆمپانیا، لە یاریگا و لە بەردەم قوتابخانە و پزیشکی دادوەری، سوکایەتی و توندوتیژییان بەرامبەر کراوە، لە باشترین حاڵەتیشدا وێنەکانی ناو کامێرەکانیان پێ سڕدراوەتەوە، گوتیشی "رۆژنامەنووسەکان بۆ روماڵ و ئامادەکردنی راپۆرت لەسەر، بۆردومانەکان، یان یاری وەزرشی، یان گردبوونەوە و خۆپیشاندانی مامۆستایان و خوێندکاران، خانەنشینان و گەڕەکە بێ خزمەتگوزارییەکان، تەنانەت لە کۆنفرانسی لیژنەی بینینی مانگ، جیاکارییان بەرامبەر کراوە".

رەحمان غەریب رەخنەی ئەوەی لە هەندێک دەزگای میدیایی گرت، کە بەبێ گوێدانە لایەنی سەلامەتییان، رۆژنامەنووسیان نادردووە بۆ شوێنە مەترسیدارەکان بۆ رووماڵکردنی رووداوەکان و پێداویستی خۆپاراستنیشیان بۆ دابین نەکردوون.

لەبارەی ئاماری پێشێلکارییەکان، هەژان خالید، توێژەر لە سەنتەری میترۆ دەڵێت "ساڵی 2022 لە هەرێمی کوردستان، 431 پێشێلکاری بەرامبەر 301 رۆژنامەنووس و دامەزراوەی میدیایی کراوە، کە بەمشێوازە دابەشبوون (رێگری 195، زەوتکردن و شکاندنی کەلوپەلی رۆژنامەوانی 68، هێرش و هەڕەشە و سوکایەتی 46، دەستبەسەرکردن بەبێ بڕیاری دادگا 64، دەستگیرکردن بە بڕیاری دادگا 4، لێدان و برینداربوون 26، داخستنی نوسینگەی کەناڵ 1، هێرشی مووشەکی 2، هەڵکوتانە سەر ماڵی رۆژنامەنووس 3، هێرشی ئەلیکترۆنی 6، پڕکردنەوەی بەڵێننامە 16 حاڵەت)"

هەروەها بۆ باشترکردنی کاری رۆژنامەوانی سەنتەری میترۆ ئەم راسپاردانەی هەیە.

یەکەم: داوا لە حکومەتی هەرێم دەکەین، فەرمانبەرانی فەرمانگەکان، بەپێی یاسای رۆژنامەگەری و یاسای بەدەستهێنانی مافی زانیاری، پەیوەندییان لەگەڵ دەزگاکانی راگەیاندن رێکبخەن و بەربەست نەخەنە بەردەم کارەکانیان.

دووەم: سەبارەت بە کەیسەکانی وەک بڵاوکردنەوەی (نوسین، رەخنە، تەنز، وێنەی کاریکاتێر، بەدواداچوون و راپۆرتی بنکۆڵکاریی) جگە لە پۆلیس، هیچ دەزگایەکی دیکەی ئەمنی بۆی نەبێت رۆژنامەنووس بانگ بکات، ئەوەش بە فەرمانی دادوەر بێت.

سێیەم: رێگە نەدرێت فەرمان و بڕیاری هیچ وەزارەتێک، جێگەی یاسای رۆژنامەگەری بگرێتەوە، لەسەر بنچینەی ئەوەی بڕیار و فەرمانەکان پێچەوانەی یاساکە، هێزی یاساییان نییە.

چوارەم: نەبوونی مۆڵەتی، گردبوونەوە، خۆپیشاندان، رێپێوان، کۆنفرانسی رۆژنامەوانی، ئاهەنگی سەر شەقامەکان یان چالاکی گشتیی، نەکرێنە پاساو بۆ رێگری لەو رووماڵکردنی ئەو چالاکییانە.

پێنجەم، راپۆرتەکانی رێکخراوە بیانییەکانی داکۆکیکردنی لە رۆژنامەنووسان و مافەکانی مرۆڤ، لەسەر پێشێلکاری و لادان، لەلایەن حکومەت و پەرلەمانەوە بەهەند وەربگیرێن، لە جیاتی وەڵامدانەوە و رەتکردنەوەی، کار لەسەر نەهێشتنی پێشێلکارییەکان بکرێت.

شەشەم: بەرپرسانی حزبی و حکومی، رەخنە قبوڵ بکەن و وەک سەرچاوەیەک بۆ باشترکردنی کارەکانیان لێی بڕوانن، داوا لە هەمووان دەکەین لەکاتی کێشەکانیان لەگەڵ رۆژنامەنووسان، پەنا بۆ دادگا ببەن.

حەوتەم: لە دادگاکاندا دادوەری تایبەت بە بڵاوکردنەوە دەستنیشان بکرێت.

هەشتەم: لە پێدانی زانیاری و ئامادەبوون لە کۆنفرانسی رۆژنامەنووسی و رووداوەکاندا، جیاوازی نەکرێت لە نێوان دەزگاکانی راگەیاندندا.

سه‌نته‌ری میترۆ، له‌ مانگی ئابی 2009 لەلایەن چەند رۆژنامەنووسێکەوە به‌ هاوكاری رێكخراوی  په‌یمانگای رۆژنامه‌نوسانی جه‌نگ‌ و ئاشتی دامه‌زاروه‌، بنکەی سەرەکی لە شاری سلێمانییە و ساڵانە‌ راپۆرت لەسەر ئەو پێشێلکارییانە ئامادە دەکات کە بەرامبەر بە رۆژنامەنووسان ئەنجام دەدرێن، هەروەها، خول و وۆرک شۆپ، مێزگرد و چالاکی جۆراوجۆر ئەنجامدەدات، بەمەبەستی راهێنانی رۆژنامەنووسان و بەرەوپێشبردنی کاری رۆژنامەوانی.