بۆچی بە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەوترێت کابینەی بونیاتنانی ژێرخان؟

K24 - هەولێر:
کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، جیاواز لە کابینەکانی پێش خۆی، لە سەرەتای پێکهێنانینەوە، کاری لەسەر بونیاتنانی ژێرخان و پتەوکردنی، پێگەی هەرێمی کوردستان کردووە.
ژێرخان؛ سەکۆیەکە بۆ حوکمڕانی، بازرگانی، گەشەی ئابووری و هێڵێکی ژیانە، بۆ کۆمەڵگا مۆدێرنەکان. کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش، کە لە تەمووزی 2019ـەوە لە پەرلەمانی کوردستان متمانەی پێبەخشراوە، سەرەڕای رووبەڕووبوونەوەی چەندین قەیران. قۆناغ بە قۆناغ هەوڵیداوە، سەکۆیەکی پتەو بۆ کوردستانیان بونیادبنێت، بەو هیوایەی لە چەند ساڵی داهاتوودا هەرێمی کوردستان بگەیەنێنە، پێگەیەکی بەرزتر و بەردەوام نیشانەی گەشەسەندنی ئابووریی پێوە دیاربێت.
سەبارەت بە بونیادنانی ژێرخانی ئابووری هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە 13ـی ئەیلوولی 2022 لە قەزای بەردەڕەش، زەنگی ساڵی نوێی خوێندنی لێدا و لەوێدا گوتی: "ئەوەی لە دوو ساڵی رابردوو هەوڵمان بۆداوە لەوانەیە زۆر نەبیندرابێت، بەڵام ژێرخانێک بووە لە ماوەیەکی نزیکدا بەرهەم و ئاسەوارەکانی دەردەکەون".

بەشێك لە پرۆژە و بڕیارەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان تایبەت بە بونیادنانی ژێرخان:
بە دیجیتاڵکردنی حکومەت
بە سەرپەرشتی و ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رۆژی (25-11-2020) لە ھەولێر، رێوڕەسمی واژۆکردنی گرێبەستێک، لە نێوان وەزارەتی ناوخۆ و گرووپی میولباوەری ئەڵمانی بەڕێوەچوو، گرێبەستەکە لە بواری بەدیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکان بوو، بەتایبەتی تۆمارکردنی ئۆتۆمبێل و مۆڵەتی شوفێری و چەند خزمەتگوزارییەکی دیکە.
رۆژی 19ـی تشرینی یەکەمی 2022، حکومەتی هەرێمی کوردستان، ستراتیجی وەچەرخانی دیجیتاڵی راگەیاند، کە بەشێکە لە پرۆسەی چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم لە بواری بەدیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و هەنگاونان بەرەو حکومەتی ئەلیکترۆنی.
پرۆژەیەکی دیکە لە بواری بە دیجتاڵکردنی حکومەت، خستنەکاری سیستەمی ڤیزای ئەلیکترۆنییە (E-visa)، کە کارئاسانییەکی باش بۆ گەشتیاران و هاتنی خەڵکی بیانی بۆ هەرێمی کوردستان دەکات، ئەمەش یارمەتیدەردەبێت لە بوژاندنەوەی کەرتی گەشتیاری هەرێمی کورستان و هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات.
گرنگیدان بە کەرتی کشتوکاڵ و بەبازاڕکردنی بەرهەمی ناوخۆییەکان
لە سەرەتای کانوونی دووەم/دیسێمبەری 2022 یەکەم کاروانی هەناری کوردستان، کە بڕەکەی 500 تۆن دەبوو، گەیشتە بازاڕەکانی ئیمارات، ئێستاش باشترین بەرهەمی کشتوکاڵی کوردستان، لە سێ وڵاتی دیکەی کەنداو بەردەستە.
یەكێك لە ستراتیژە ئابوورییەكانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەرزكردنەوەی رێژەی هەناردە و ئاڵوگۆڕی بازرگانی بووە، بۆ ئەو مەبەستەش گرنگیپێدانی بە كەرتی كشتوكاڵی و پیشەسازی و بازرگانی بەردەوام دەبێت.
دروستکردنی چەند سایلۆیەک لە شارەکانی هەرێمی کوردستان، بۆئەوەی جووتیاران كێشهی ساخكردنهوه و به بازاڕكردنی گهنمیان نهمێنێت و بتوانن گەنمى خۆیان ساخبکەنەوە، تەنانەت چەندین بەرهەم و پێویستى دیکەى بازاڕیش پڕبکرێتەوە، کە لە گەنمەوە بەرهەم دێن.
یەکێک لەو سایلۆیانە، سایلۆی کەلارە، كه بە بودجهی وهزارهتی بازرگانی حكومهتی ههرێمی كوردستان، لهسهر رووبهری 20 دۆنم زهوی، بە رەچاوکردنی تەواوی ستانداردەکان، بە گوژمەی 20.6 ملیار دینار دروستكراوه، سایلۆکە توانای وەرگرتنى 40 هەزار تۆن گەنمی جوتیارانی دەڤەرى گەرمیانی هەیە.
سایلۆی کەلار، لە 16 کۆگای وەرگرتنی گەنم پێکهاتووە، کە هەریەکەیان 2500 تۆن گەنمی تێدا جێگا دەبێتەوە.

گرنگیدان بە پرۆژەکانی تایبەت بە پارێزگاریکردن لە سامانی ئاو
لە 15ی ئەیلوولی 2022، ماڵپەڕی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بە مەبەستی گرنگیدان بە بواری ئاو لە سنووری پارێزگای دهۆک، حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەسەر داواکاریی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بۆ تەواوکردنی پڕۆژەی بەنداوی خنس، 9 ملیار و 218 ملیۆن دیناری تەرخانکردووە.
بەنداوی خنس، دووەم گەورەترین بەنداو دەبێت لە پارێزگای دهۆک، ساڵانە توانای گلدانەوەی حەوت ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە، بە تەواوکردنی پڕۆژەکە، ئاوێکی زۆر بۆ پارێزگای دهۆک دابیندەکرێت.
رۆژی (29ی ئهیلوول/سێپتێمبهری 2022)، به ئامادهبوونی بێگهرد تاڵهبانی، وهزیری كشتوكاڵ و سهرچاوهكانی ئاوی حكومهتی ههرێمی كوردستان و بهرپرسانی باڵای ئیدارهی سهربهخۆی گهرمیان، به گوژمهی دوو ملیار و 191 ملیۆن دینار، بهردی بناغهی سێ پۆند له ئیدارهی گهرمیان دانرا.
فهرمانگهی میدیا و زانیاری حكومهتی ههرێمی كوردستان لەوبارەیەوە بڵاویكردووتهوه، له درێژهی گرنگیپێدان به پرۆژه ئاودێرییهكان له ئیدارهی گهرمیان، بهردی بناغه بۆ سێ پۆند دانرا، كه پێكهاتوون له، پۆندی سەرقزڵ، به گوژمهی 766 ملیۆن دینار، لەسەر بودجەی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو جێبەجێدەکرێت، کە توانای گلدانەوەی 335 هەزار مهتر سێجا ئاوی هەیە، ههروهها پۆندی سەید حوسێن بە گوژمەی 744 ملیۆن دینار لە سنووری قەزای کفری و پۆندی گۆبان، بە گوژمەی 681 ملیۆن دینار لە سنووری قەزای کەلار جێبەجێ دەکرێن.
جگە لەمانە لە 18ـی تشرینی یەکەمی 2022، حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بڕیاری دروستکردنی پێنج پۆند لەسەر رووباری خابووری زاخۆ دراوە، کە لەلایەن چوار کۆمپانیاوە کاریان لەسەر دەکرێت.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا، دروستکردنى پێنج پۆند لەسەر رووبارى خابوورى زاخۆ، سەرەڕای ئەوەی دیمەنێکی جوان بە شارەکە و دەوروبەرى دەبەخشێت، ئاستی ئاویش لە نیو مەترەوە بۆ دوو مەتر و نیو بەرزدەکاتەوە و کەرتى گەشتیاری دەبووژێنێتەوە.
پڕۆژەکانی رێگاوبان لە کابینەی نۆیەم
حکومەتی هەرێمی کوردستان، گرنگییەکی تایبەت بە رێگاوبانەکانی ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان داوە، جگە لە جێبەجێکردنی پرۆژەی نوێ، چەندین شەقام و تونێل و رێگا نۆژەنکراونەتەوە، پڕۆژە تەواونەکراوەکانی کابینەکانی پێشووش کاری جددیان لەسەر کراوە.
یەکێک لە پرۆژە ستراتیژییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبواری رێگاوبان، شەقامی 150 مەتریی بازنەیی خێرایە لە هەولێر، کە لە رێگەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە جێبەجێ دەكرێت، درێژییەكەی 70 كیلۆمەترە، كۆی پڕۆژەكە بە گوژمەی 700 ملیۆن دۆلار تەواو دەبێت، شەقامەكە بە شێوەیەكی بازنەیی خێرا، كە هیچ وەستانێكی تێدا نییە بە دەوری هەولێردا دەسوڕێتەوە، بە دەیان شەقامیش لەگەڵ رێگەی سەرەكیی دەروازەكانی شاری هەولێر بەستراوەتەوە، ئەمەش درێژەپێدەری ئەو تۆڕە رێگەوبانە جاڵجاڵۆكەییەیە، كە بووەتە بەشێك لە ناسنامەی شاری هەولێر.

رۆژی (18ی کانوونی یەکەمی 2022) دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە رێوڕەسمێکدا بەردی بناغەی پڕۆژەی رێگەی (وارماوا – ناوتاق – دەربەندیخان)ی دانا و رایگەیاند، "پڕۆژەکە کاریگەری دەبێت بۆ کارئاسانی ھاتووچۆ و دابینکردنی رێگەیەکی سەلامەت و کەمبوونەوەی رووداوەکانی ھاتووچۆ، ھیوادارین کۆمپانیای جێبەجێکار، زووتر و بەر لە وادەی خۆی، کە 450 رۆژە، پڕۆژەکە تەواوبکات".
پڕۆژەی رێگەی (وارماوا – ناوتاق – دەربەندیخان) کە 22 کیلۆمەترە، لەسەر بودجەی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە، بە بڕی حەوت ملیار و 404 ملیۆن و 250 هەزار دینار جێبەجێ دەکرێت، پڕۆژەکە دەبێتە رێگەی نوێی نێوان وارماوا – دەربەندیخان.
رۆژی 6ی تشرینی یەکەمی 2022، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار رایگەیاند، "لە ماوەی كابینەی نۆیەمدا، بە كۆی هەردوو جۆری ستابلایزەر و بایندەر، زیاتر لە نۆ ملیۆن مەتر دووجا رێگا قیرکراوە، لە سەرتاسەری كوردستان، كە خۆشبەختانە رێژە زۆرەكەی بۆ ئەو دەڤەر و شوێنانە بوون، كە تائێستا خزمەتگوزاریی شەقام و كۆنكرێتیان پێ نەگەیشتبوو."
ساسان عەونی ئەوەشی خستەڕوو "هەر لە ماوەی كابینەكەدا، جیا لە قیركردن، زیاتر لە ملیۆنێك و شەش سەد هەزار مەتر دووجا، كۆنكرێت و زیاتر لە چوار ملیۆن و سێ سەد هەزار تێكەڵەڕێژ كراوە.
لە تەمووزی 2022، بە فەرمانی سەرۆکی حكومهتی ههرێمی كوردستان، سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، نووسراوی ئاراستەی وەزارەتی دارایی و ئابووری کردووە، تێیدا رەزامەندی دەربڕیوە، لەسەر تەرخانکردنی بڕی (60) ملیار دینار، بە مەبەستی تەواوکردنی رێگهی کەلار - دەربەندیخان.
دابینکردنی یەکەی نیشتەجێبوون و هەلی کار بۆ منداڵانی خانەکانی بێ سەرپەرشتان
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە سەرەتای ساڵی 2023 داوایەکی کوێستان محەمەد، وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی پەسەندکرد، کە تایبەت بوو بە دابینکردنی ژمارەیەک یەکەی نیشتەجێبوون، بۆ ئەو منداڵانەی لە خانەکانی بێ سەرپەرشتان تەمەنی 18 ساڵی تەواودەکەن.
لە پێشووتردا، ئەو منداڵانە لەکاتی تەواوکردنی تەمەنی 18 ساڵیدا، بە بڕیاری دادوەر دەبوو خانەکان بەجێبهێڵن، کە ئەمەش وایدەکرد چارەنووسێکی نادیاریان هەبێت، وەک وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی خستیەڕوو، هەندێک لەو منداڵانەی لە ساڵانی رابردوودا دوای تەمەنی 18 ساڵی خانەکانیان بەجێشتووە، تووشی تاوان بوون.
جگە لە دابینکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ منداڵانی بێ سەرپەرشت، بە بڕیارێکی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەو منداڵانەی کە لە خانەی بێسەرپەرشتاندان و 18 ساڵییان تەواو کردووە، لە وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی دادەمەزرێن.
گرنگیدانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە منداڵانی بێ سەرپەرشت، کاریگەری ئەرێنی لەسەر منداڵەکان دەبێت بە تایبەتی و لەسەر کۆمەڵگە بەگشتی، لە داهاتووشدا دەتوانن ژیانێکی شایستە، بۆخۆیان بونیادبنێن و سوود بە وڵات و کۆمەڵگەکەیان بگەیەنن.
وەبەرهێنان لە کەرتی پەروەردە و دامهزراندنی قوتابخانهی دیجیتاڵی
لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا کار بۆ بە دیجیتاڵکردنی کەرتی پەروەردە کراوە وەک لە سیستەمەکانی ( E-perwerde و E-Wane ). هەروەها سیستەمەکانی ( E-Rahenan, E-Halsangandn, E-Ktebxana, E-Prozha and E-Xezan ) بەم زووانە دێن.
لە کابینەی نۆیەمدا پەیمانگاکانی راگەیاندنی پەروەردەیی وەک کەناڵە تەلەفزیۆنییەکان و رادیۆ لە شارەکانی (دهۆک، سلێمانی و هەولێر) دامەزرێندراون و، نزیکەی 10 هەزار هەلی کار بۆ دەرچووانی بێکار لە قوتابخانە ئەهلیەکان رەخسێندراون.
هەروەها زیاتر لە پێنج هەزار مامۆستای وانەبێژ گرێبەستەکانیان کراوە بە گرێبەستی هەمیشەیی و 13 هەزار منداڵ گەڕاونەتەوە قوتباخانەکان، هاوکات زیاتر لە 600 قوتابخانە نۆژەنکراوەنەتەوە و 60 قوتابخانەی نوێ دروستکراون.
لە سێ ساڵی یەکەمی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، نزیکەی 200,000,000,000 ملیار دینار بۆ پاڵپشتی کەرتی پەروەردە تەرخانکراوە.
له (19-1-2022) قوتابخانهی دیجیتاڵی ئیماراتی لە رێگهی وهزیری (زیرەکی دەستکرد)ـی ئیماراتەوە لێكتێگهیشتنێكی لهگهڵ ههرێمی كوردستان واژۆ كردووە، به ئامانجی جێبهجێكردنی لهناو پرۆگرامهكانی قوتابخانهی دیجیتاڵی له ههرێمی کوردستان.
به گوێرهی راپۆرتێكی ماڵپەڕی بهیانی ئیماراتی، ئهو پڕۆژه دیجیتاڵییه قۆناغی یهكهمی بۆ 50 قوتابخانه به زمانی عهرهبی له ههرێمی كوردستان بابهتهكانی دابیندهكات، له قۆناغی دووهمدا، پهره به كۆپییهكی هاوشێوهی قوتابخانهی دیجیتاڵی كوردی دهدرێت.
ماڵپەڕی بهیانی ئیماراتی ئاماژهی بهوه كردووە، ئهو قوتابخانه دیجیتاڵییه جهخت له پهرهپێدانی تواناكانی مامۆستایان و پهروهردهكاران دهكاتهوه، بۆ ئامادهكردنیان بەمەبەستی چۆنییهتی وانه گووتنهوه له رێگهی دیجیتاڵی.
دیارترین کارەکانی کابینەی نۆیەم لە کەرتی تەندروستی
- کەمکردنەوەی نرخەکان بە ڕێژەی 40%
- گەڕانەوەی زیاتر لە 985 ملیۆن دینار بۆ توشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە زیادەڕۆیییان لێوەرگیرا وەکو گەڕاندنەوەی پارە.
- رووبەڕووبوونەوەی تەشەنەسەندی ڤایرۆسی کۆرۆنا بە خەرجکردنی زیاتر لە دوو ملیار دینار و دروستکردنی 12 نەخۆشخانەی تایبەت بەو پرسە.
- دروستکردنی نۆ نەخۆشخانەی نوێ لە سەرتاسەری کوردستان.
- گرنگیدان بە بەرنامەکانی چاودێری تەندروستی لە ناوەندە تەندروستیەکان وەک (چاودێری ئافرەتانی دووگیان، چاودێری خۆراکی منداڵان، چاودێری تەندروستی قوتابخانە، کوتان، بازاڕ و شوێنە گشتیەکان)
- دروستکردنی سیستەمی ئەلیکترۆنی بۆ زۆربەی کارەکانی رۆژانە و فراوانکردن و زیادکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی لە سەرجەم قەزاکان.
رۆژی (10ـی تەمووزی 2019) مەسرور بارزانی لە پەرلەمانی کوردستان بە دەنگی 87 پەرلەمانتار وەک سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ناسێندرا.
لە گوتاری پێکهێنانی حکومەتدا مەسرور بارزانی رایگەیاند، لەپێناو بەرژەوەندی خەڵک هەموو کارێک دەکەن و تەنیا ئامانجیشیان خزمەتکردنە.