بەشێک لە دووکانەکانی بازاڕی عەسری لە سلێمانی داخران

"دووکاندارەکان ناڕازین لە زیادکردنی کرێ و باج"
بازاری عەسری لە سلێمانی - وێنە: نیان بارزان/ کوردستان24
بازاری عەسری لە سلێمانی - وێنە: نیان بارزان/ کوردستان24

K24 - هەولێر:

بەشێک لە دووکانەکانی بازاڕی عەسری سلێمانی داخران، چونکە بەگوتەی دووکاندارەکان کرێ و باجیان بە رێژەی 20٪ لەسەر زیادکراوە.

نیان بارزان پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، بەشێک لە دووکانەکانی بازاڕی عەسری، کە دەکەوێتە سەنتەری بازاری پارێزگای سلێمانییەوە، لەلایەن دووکاندارەکانەوە داخران، چونکە ناڕازین لەوەی "کرێ و باجی سەر دووکانەکانیان بە رێژەی 20٪ زیادکراوە".

بازاڕی عەسری لەسەر شەقامی کاوەی شاری سلێمانی، زۆرینەی دووکانەکانی تایبەتن بە فرۆشتنی شیرینی و بابەتی ئاهەنگی هاوسەرگیری، هەروەها ژمارەیەک دووکانی پۆشاک و ئاڵوگۆڕی دراوی تێدایە.

حکومەت خاوەنی دووکانەکانی بازاڕی عەسرییە کە دەکەوێتە سەنتەری بازاڕەکانی شاری سلێمانی.