شۆفێری پاسه‌كانی سلێمانی مانیانگرت

داوادەکەن بە شێوەیەکی گونجاو هێڵی گواستنەوەی پاسەکان رێکبخرێتەوە

K24 - سلێمانی:

بەشێک لە شۆفێرانی پاسی چەند گەڕەکێکی سلێمانی مانیانگرت، چونکە خراونەتە سەر چەند هێڵێکی دیکەی گواستنەوە و رێگری لە کارکردنیان دەکرێت.

ئەمڕۆ سێشەممە (17ی کانوونی دووەم/یه‌نایه‌ری 2023)، ژمارەیەک شۆفێری پاسەکانی گەڕەکەکانی بەختیاری کۆن، تازە، بەرانان و مەجیدبەگی شاری سلێمانی مانیانگرت. 

جەلال محەممەد، یەکێک لەو شۆفێرانه‌ی مانیگرتووه‌ بە کوردستان24ی راگه‌یاند، پێشتر ژمارەی پاسەکانیان زۆربووە، بەڵام دواتر لایەنی ئیداری پارێزگای سلێمانی، ژمارەی پاسەکانیان کەمکراوەتەوە، ژمارەیەکیان خراونەتە سەر هێڵی گواستنەوەی گەڕەکی ڕاپەڕین و بەشێکی دیکەشیان گواسترانەوتەوە بۆ هێڵی گەڕەکی قولەرەیسی.

بەگوتەی به‌شێك له‌و شۆفێرانەی مانیان گرتووە، شۆفێری پاسەکانی گەڕەکی شەکرەکە و قلیاسان، ئاستەنگی هاتووچۆیان بۆ شۆفێرەکانیان دروستکردووە و لەکاتی گواستنەوەی نەفەردا بۆ گەڕەکی قورەلەیسی تووشی کێشەبوون، بۆیە داواداکەن بە شێوەیەکی گونجاو هێڵی گواستنەوەی پاسەکان رێکبخرێتەوە.

جەلال محەمەد، ئاماژەی بەوەشدا، پاش چەند کاتژمێرێک لە مانگرتنەکەیان ئاگادارکراونەتەوە، بچنەوە سەر کارەکانیان و لایەنی ئەمنی و ئیداری قسەیان لەگەڵ شۆفێری پاسەکانی هێڵی شەکرەکە و قلیاسان کردووە، کێشەیان بۆ دروست نەکەن.