سەرۆك بارزانی: هیچ بیانوویەك بۆ دواخستنی هەڵبژاردن قبووڵ ناكرێت

"پێویستە ئەمساڵ لە هەرێمی كوردستان هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد بەڕێوەبچێت"
سەرۆک مەسعود بارزانی و برێت مەکگۆرک
سەرۆک مەسعود بارزانی و برێت مەکگۆرک

K24 - هەولێر:

ئەمڕۆ سێشەممە سەرۆک مەسعود بارزانی لەگەڵ برێت مەکگۆرک، ڕێكخەری كۆشكی سپی بۆ كاروباری ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقا و شاندی یاوەری کۆبووەوە.

کۆبوونەوەی سەرۆک بارزانی و شاندی باڵای ئەمەریكا لە سەلاحەددین بەڕێوەچوو، کە تێیدا سەرۆك بارزانی دووپاتیکردەوە، "پێویستە ئەمساڵ لە هەرێمی كوردستان هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد بەڕێوەبچێت و هیچ بیانوویەكیش بۆ دواخستنی هەڵبژاردن قبووڵ ناكرێت".

دەقی راگەیەندراوی بارەگای بارزانی:

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە شاندێكی باڵای ئەمەریكا دەكات

ڕۆژی سێشەممە 17ی كانوونی دووەمی 2023 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە شاندێكی باڵای ئەمەریكا كرد كە پێكهاتبوو لە: بەڕێز برێت مەكگێرك ڕێكخەری كۆشكی سپی بۆ كاروباری ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقا و بەڕێز ئامۆس هۆكشتین ڕێكخەری تایبەتی سەرۆكایەتیی بۆ ژێرخانی جیهانی و ئاسایشی وزە و خاتوو ئالینا ڕۆمانۆسكی باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق و ژمارەیەك ڕاوێژكاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا.

لە دیدارەكەدا بارودۆخی سیاسیی عێراق و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا تاوتوێ كرا و جەخت لە پێویستیی چارەسەركردنی گرفتەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و، بایەخی ڕۆڵی عێراق و هەرێمی كوردستان لە تێپەڕاندنی ئاستەنگەكانی بەردەم وزە لە ئاستی جیهانیدا كرایەوە.

بارودۆخی هەرێمی كوردستان تەوەرێكی تری ئەو كۆبوونەوەیە بوو و تێیدا سەرۆك بارزانی ئەوەی دووپات كردەوە كە پێویستە ئەمساڵ لە هەرێمی كوردستان هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد بەڕێوە بچێت و هیچ بیانوویەكیش بۆ دواخستنی هەڵبژاردن قبووڵ ناكرێت. سەرۆك بارزانی ئەوەشی خستەڕوو كە خوازیاری ئەوەیە لەپێناو تێپەڕاندنی تەحەددیاتەكان و پاڵپشتیكردنی حكوومەتی هەرێم، كۆبوونەوە و هەماهەنگیی نێوان لایەنە سیاسییەكان بەردەوام بێت. پەیوەست بە چاكسازییەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستانیش سەرۆك بارزانی پشتیوانیی خۆی بۆ بەردەوامیی ئەو چاكسازییانە دووپات كردەوە.

بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە و هەڕەشەكانی تیرۆر تەوەرێكی تری ئەو كۆبوونەوەیە بوون و شاندی میوان جەختی لە بایەخی ئاساییش و سەقامگیریی لە عێراق و هەرێمی كوردستان كردەوە.

.