بۆچی لە کۆڕبەندی داڤۆس ئیلۆن مەسک بانگهێشت نەکرابوو؟

ئێلۆن مەسک
ئێلۆن مەسک

K24 - هەولێر:

لەبارەی بەشدارینەکردنی ئیلۆن مەسک لە کۆڕبەندی داڤۆس، رێکخەرانی کۆڕبەندی ئابووری جیهان دەڵێن، ئیلۆن مەسک بانگهێشتی کۆڕبەندەکە نەکراوە.

سەرەڕای ئەوەی کە ئیلۆن مەسک لە تویتێکدا ئاماژەی بەوەدابوو، کە بانگهێشتی کۆڕبەندەکە کراوە، بەڵام رێکخەرانی کۆڕبەندەکە باس لەوە دەکەن، هەر لە سەرەتاوە ناوی ئەو لە لیستی میوانانی کۆڕبەندەکەدا نەبووە.

یان زۆپف، گوتەبێژی کۆڕبەندەکە لەوبارەیەوە رایگەیاند، دوایین جار کە ئیلۆن مەسک بانگهێشتی کۆڕبەندی داڤۆس کرابوو ئەمساڵ نەبوو، بەڵکو ساڵی 2015 بوو.

بانگهێشتنەکردنی ئیلۆن مەسک بۆ داڤۆس لە کاتێکدایە کە، ملیاردێری ئەمەریكی و دامەزرێنەری كۆمپانیای تێسلا بۆ ئۆتۆمبێلە كارەباییەكان نزیكەی 59% ی سامانەكەی لە ماوەی 13 مانگی رابردوودا لەدەستدا، بەوەش بووە یەكەم كەس لە جیهاندا کە 200 ملیار دۆلار لەدەستبدات، ئێستاش کۆی سامانەکەی نزیکەی 146 ملیار دۆلارە.

53ـيەمین کۆڕبەندی ئابووری داڤۆس لە 16 بۆ 20ی کانوونی دووەمی 2023 بە بەشداری زیاتر لە 2700 سەرکردە و نوێنەری وڵاتان و بزنسمان و چالاکوان و کەسانی کاریگەر و خاوەن پێگە، لەژێر ناونیشانی هەماهەنگی لە جیهانێکی پەرتەوازەدا بەڕێوەدەچێت.

لە کۆڕبەندەکەدا چەندین پرسی گرنگ و هەنووکەیی باس دەکرێن لەنێویاندا، قەیرانی خۆراک، وزە، هەڵاوسان، سستی گەشەی ئابووری، پیشەسازی، رۆڵی کەرتی تایبەت، کێشە کۆمەڵایەتیەکان و مەترسییە جیۆسیاسیەکان.