کامێرای تیژڕەوی پۆینت تو پۆینیت لە هەولێر دەکەوێتەکار

.
.

K24 – هەولێر

هاتووچۆی هەولێر شوفێران ئاگادار دەکاتەوە، هەفتەی داهاتوو کامێرای خاڵ بۆ خاڵ ((Point to Point  لە شەقامی 120 مەتری دەکەوێتە کار.

بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە، لە چوارچێوەی هەوڵەکانی وەزارەتی ناوخۆ بۆ کەمکردنەوەی قوربانییەکانی هاتووچۆ و کۆنترۆڵکردنی تیژڕەوی، وەکو قۆناغی یەکەم، کامێرای تۆمارکردنی تیژڕەوی خاڵ بۆ خاڵ یان Point to Point کە تێکڕای خێرایی لەنێوان دوو کامێرا تۆمار دەکات، لە شەقامی 120 مەتری هەولێر لەنێوان شەقامی کەرکووک بۆ شەقامی بنەسڵاوە لە هەردوو ساید ئەو کامێراییە لە هەفتەی داهاتوو دەکەوێتە کار.

لە راگەیەندراوی هاتووچۆی هەولێر هاتووە: "بۆ ئەوەی خۆتان لە سزای دارایی کامێراکانی تۆمارکردنی تیژڕەوی بپارێزن، نابێ لە شەقامی 120 مەتری لەمەولا تیژڕەوی بکەن و لە هەموو 120 مەتری خێرایی رێگا پێدراوە بەم جۆرەیە:

یەکەم: ئۆتۆمبێلی بچووک نابێت لە 110 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێک خێراتر بڕوات، هەر خێراییەکی زیادە بۆتان تۆمار دەکرێت و سزای دارایی دەدرێن جا کامێراکە دیار بێت یان نا.

دووەم: ئۆتۆمبێلی گەورە (بارهەڵگر) نابێت لە 80 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێک خێراتر بڕوات، هەر خێراییەکی زیادە بۆتان تۆمار دەکرێت و سزای دارایی دەدرێن جا کامێراکە دیار بێت یان نا.

هاتووچۆی هەولێر راشیگەیاندووە: "هەروەها شوفێرانی بارهەڵگر ئاگادار دەکەینەوە کە تەنیا رێگا پێدراون لە هێلی دیاریکراو بۆیان شوفێری بکەن. بە پێچەوانەوە رووبەڕووی سزای دارایی دەبنەوە".