جگه‌ره‌ی ئه‌لیكترۆنی له پارێزگایه‌كی هه‌رێمی كوردستان قه‌ده‌غه‌كرا
K24 - دهۆك:
به‌كارهێنان و فرۆشتنی جگه‌ره‌ی ئه‌لیكترۆنی له سنووری پارێزگای دهۆك قه‌ده‌غه‌ده‌كرێت.
ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه (18ـی كانوونی دووه‌م/یه‌نایه‌ری 2023)، لیژنه‌ی مافی گشتی سه‌ر به داواكاری گشتیی پارێزگای دهۆك له نووسراوێكی فه‌رمیدا چه‌ندین بڕیاری له‌باره‌ی به‌كارهێنان و بازرگانیكردن به جگه‌ره‌ی ئه‌لیكترۆنی و نه‌رگێله ده‌ركرد. به‌گوێره‌ی نووسراوه‌كه‌ی داواكاری گشتیی دهۆك، به‌كارهێنان، بازرگانیكردن و فرۆشتن به جگه‌ره‌ی ئه‌لیكترۆنی له سنووری پارێزگاكه قه‌ده‌غه ده‌كرێت و هه‌ر كه‌س و لایه‌نێك پابه‌ندی بڕیاره‌كان نه‌بێت، رێكاری یاسایی له‌گه‌ڵ ده‌گیرێته‌به‌ر.
به‌گوێره‌ی نووسراوه‌كه، رێگه به كه‌سانی خوار ته‌مه‌ن 18 ساڵ نادرێت بچنه ئه‌و شوێنانه‌ی نه‌رگێله‌ی تێدا به‌كارده‌هێندرێت و شوێنه‌كانی نانخواردنیش له شوێنه‌كانی نه‌رگێله‌كێشان جیاده‌كرێته‌وه.
فەرهاد ئیسماعیل، بەڕێوه‌بەری بەشی خۆپارێزی لە بەڕێوه‌بەرایه‌تی تەندروستیی پارێزگای دهۆک بە کوردستان24ـی راگەیاند، ماوه‌یه‌كه لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان خوێندنەوە و بەدواداچوون بۆ گاریکەرییه نه‌رێنییه‌كانی جگه‌رەی ئەلیکترۆنی دەکەن و دواجار بڕیاریان دا جگه‌رەی ئەلیکترۆنی لە سنووری پارێزگای دهۆک قەدەغە بکه‌ن.
ناوبراو ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، "جگه‌رەی ئەلیکترۆنی به‌شێوه‌یه‌كی زۆر خێرا لەنێو کۆمەڵگه بڵاوبووه‌تەوە و بووه‌تە هۆی مەترسی بۆ سەر تەندروستیی گه‌نجه‌كانمان".
بەڕێوه‌بەری بەشی خۆپارێزی لە بەڕێوه‌بەرایه‌تی تەندروستیی پارێزگای دهۆک ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، چیتر رێگە نادەن لەرێگه‌ی ده‌روازه سنوورییه‌كانه‌وه جگه‌رەی ئەلیکترۆنی هاوردە بکرێت و لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كانیان راسپاردووه بۆ داخستنی سه‌رجه‌م ئه‌و شوێنه بازرگانییه‌كانی نێو بازاڕ كه جگه‌ره‌ی ئه‌لیكترۆنی ده‌فرۆشن.