مەسرور بارزانی و وەزیری پیشەسازی و بازرگانی بەحرەین لە داڤۆس کۆبوونەوە

"شاندێکی گەورەی بازرگانی سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات"

K24 - هەولێر:

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و عادل فەخرۆ، وەزیری پیشەسازی و بازرگانی بەحرەین کۆبوونەوە.

لە کۆبوونەوەی سەرۆکی حکومەت و وەزیری بازرگانی بەحرەین، پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و شانشینی بەحرەین باسیان لێوەکرا، بەتایبەتی لە بوارەکانی برەودان بە وەبەرهێنان و پیشەسازی و کشتوکاڵ و ئاڵوگۆڕی بازرگانی.

مەسرور بارزانی راشیگەیاند، وەزیری پیشەسازی و بازرگانی بەحرەین، سڵاووڕێزی جێنشین و سەرۆک وەزیرانی بەحرەین شێخ سەلمان بن حەمەد ئال خەلیفەی پێگەیاندین و خواستی وڵاتەکەشی بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە.

وەزیری پیشەسازی و بازرگانی بەحرەین ئاماژەی بەوەشدا، کە بڕیارە لەگەڵ شاندێکی گەورەی بازرگانی سەردانی هەرێمی کوردستان بکات.

هەروەها لەو دیدارەدا، مەسرور بارزانی ئامادەیی هەرێمی کوردستانی بۆ برەودان بە پەیوەندییەکان لەگەڵ شانشینی بەحرەین لە هەموو بوارەکاندا دەربڕی.