کێشەیەکی دیکە لە پەرلەمانی عێراق سەرهەڵدەدات

نێوماڵی سوننە پەرتەوازە دەبێت
kurdistan24.net

K24 - بەغدا

پەرلەمانی عێراق لیژنە هەمیشەییەکانی هەڵوەشاندنەوە و جارێکی دیکە دەنگیدا بە ئەندامانی نوێی لیژنەکان، ئەمەش کێشەیەکی نوێی دروستکردووەو فراکسێونەکان لەسەر پۆستی دەستەی سەرۆکایەتی لیژنەکان کەوتونەتە ململانێی توند و نێو ماڵی سوننەی پەرتەوازە کردووە.

هەریەک لە هاوپەیمانی عەزمی خەمیس خەنجەر و تەقەدومی محەممەد حەلبووسی پێداگری دەکەن لەسەر پۆستی سەرۆکی لیژنەی دارایی، پەرلەمانتارێکی سەربەخۆش دەڵێت: بازاڕی دراو لە عێراق شێواوە و کوتلەکانی پەرلەمانیش شەڕی پۆست دەکەن.

كاتێک پەرلەمانتارانی سەدر لە پەرلەمان کشانەوە، ژمارەیەک پەرلەمانتاری دیکە شوێنی ئەوانیان گرتەوە، بەوهۆیەوە ئەنجومەنی نوێنەران، لیژنە هەمیشەییەکانی هەڵوەشاندەوە و دەنگ بە ئەندامانی نوێی لیژنەکان درایەوە، لە جیاتی چارەسەر، کێشەیەکی نوێ سەریهەڵدا، وەرگرتنی دەستەی سەرۆکایەتی لیژنەکان، فراکسیۆنەکانی خستە ناو ململانێیەکی توندەوە، بەتایبەت نێو ماڵی سوننە.

لەوبارەوە باسم لغێوی ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە کوردستان24ی گوت: "کوتلە و لایەنە سیاسییەکان، بە دوای ئەوە دەگەڕێن دەرفەتی زیاتریان پێبدرێت لەناو لیژنە گرنگەکان و ئەندامەکانیان لە لیژنەکان جێگیر بکرێت، بۆیە ئەمە وایکردووە کۆبوونەوەکان دوابکەوێت، دەبوایە ئێستا ئێمە له کۆبوونەوە بووینایە ئەوە چەند رۆژە هەر دوا ئەکەوین، بەداخەوە ئەمە ئێمەی نیگەران کردووە کە پەرلەمانی عێراق گەشتووەتە ئەو ئاستە، چونکە گەلی عێراق ئێستا چاوەڕێی ئێمەن کاری باشیان بۆ بکەین".

دوای کۆتایی هاتنی پشووی وەرزی یاسادانان هەمووان له چاوەڕوانی ئەوەدان کە رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2023 بێتە پەرلەمانی عێراق و پەسەند بکرێت، تاکو دۆخی بازاڕی دراو هاوسەنگ بێتەوە و پڕۆژەخزمەتگوزارییەکان و دامەزراندنیش دەست پێبکاتەوە.

هادی سەلامی، پەرلەمانتاری سەربەخۆ لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت: "لە لایەکەوە بازاڕ شێواوە و بەهای دۆلار تا دێت بەرز دەبێتەوە، کە ئەمە بەرپرسیارێتیە و لە ئەستۆی پارێزگاری بانکی ناوەندییە، چەند داواکاریمان پێشکەشکردووە و داوای روونکردنەوە دەکەین ئەو ئامادە نییە، لە پەرلەمانیش واژۆمان کۆکردووەتەوە بانگهێشتی بکەین بۆ نێو هۆڵی کۆبوونەوە، بەڵام سەرۆکی پەرلەمان بۆ ئەوە لەگەڵمان نییە، بۆیە ئەبێ رێکاری دیکە بگرینە بەر".

بارودۆخی ئابووری عێراق ناجێگیرە، پەرلەمانەکەشی بەهۆی ناکۆکییەکانەوە، ناتوانێت وەک پێویست چاودێری حکومەت بکات، هەربۆیە وەکو چاودیرێکی سیاسی دەڵێت: ئەگەر دۆخەکە وا بڕوات رەنگە خۆپیشاندانەکانیش دەست پێبکەنەوە.