لە مێردین هێرشکرایە سەر ئۆتۆمبێلێکی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان
K24 – هەولێر
لە سنووری پارێزگای مێردینی باکووری کوردستان هێرشی چەکداری کرایە سەر ئۆتۆمبێلێکی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان.
بەگوێرەی زانیاری پەیامنێری کوردستان24، لەو هێرشەدا چوار کەس گیانیان لەدەستداوە و کەسێکی دیکەش بریندارە.
پەیامنێری کوردستان24 راشیگەیاند، ئەو هێرشە درەنگانی شەوی رابردوو لەسەر رێگەی ئارتوکلوو- نسێبین، لە پارێزگای مێردین بووە و ئەو ئۆتۆمبێلەی هێرشی کراوەتە تابلۆکەی دهۆکە.
بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24، ئەو خێزانە کوردە دانیشتووی پارێزگای دهۆکن و بە ئۆتۆمبێلی خۆیان چوونەتە تورکیا.
شایەتحاڵێک کە یەکەم کەس بووە گەیشتووەتە شوێنی رووداوەکە بە کوردستان24ی راگەیاند، لەکاتی تێپەڕبوونی بەو رێگایەدا بینویەتی کە ئۆتۆمبێلێک وەستاوە، کە لێی نزیکبووەتەوە دەرگاکانی کراونەتەوە و چەند کەسێک لەسەر زەوی کەوتوون، پاشان کە زانیویەتی شوێنەواری گولـلە و خوێن بە جەستەیانەوە دیارە تەلەفۆنی بۆ فریاکەوتن کردووە و بە ئەمبوڵانس رەوانەی نەخۆشخانەی نسێبین-یان کردون.
ئاماژەی بەوەشکرد، بریندارەکە فیشەک بە سەری کەوتووە و خوێنی لێدەهاتە خوارەوە.
راشیگەیاند، ئۆتۆمبێلی ئەو گەشتیارانە لە رێگای چوون بوو بەرەو باکووری کوردستان.
ئەو شایەتحاڵە خەڵکی هەرێمی کوردستانە و بۆ سەلامەتی گیانی نەیویست ناوی بنوسرێت بە کوردستان24ی گوت: "ئەوەی من لەوێ بینیم هیچ شتێکی ئەو گەشتیارانە نەدزرا بوو، هەموو پاسپۆرتەکانیشیان لەناو ئۆتۆمبێلەکە بوو".
سەرجەم قوربانیانی رووداوەکە ئەندامی خێزانێکی دانیشتووی شاری دهۆکن، د. فارس ئەندامێکی ئەو خێزانەیە و بە کوردستان24ی راگەیاند، ئەو پێنج ئەندامەی خێزانەکەیان بە مەبەستی چارەسەری تەندروستی ویستویانە بچنە دیاربەکر و لە رێگەی نسێبین هێرشیان کراوەتەسەر.