کەرکووک.. كەسێك بە بێڵ لەلایەن هاوڕێیەکی خۆی کوژرا

K24 - كەركووك

لە گوندی چیمەنی رۆژهەڵاتی كەركووك دووكەس كە هاوڕێی یەكترن دەبێتە شەڕیان و یەكێكیان بەبێڵ ئەوی دیکەی کوشتووە.

كەسێكی نزیك لە بنەماڵەی كوژراوەكە بە كوردستان24ی راگەیاند، هۆكاری شەڕەكە لەسەر مامەڵەی پارە بووە لەنێوانیان، كە هەردووكیان هاوڕێی یەكترن و پێكەوە كار دەكەن، دوای دەمەقاڵە دەبێتە شەڕیان.

روونیکردەوە، ئاوات سەید تاڵیب كە بكوژەكەیە بێڵێك لەملی هاوڕێکەی بەناوی لەتیف دەدات و دەیكوژێت.

گوتیشی: "بكوژ و خانەوادەكەی لە شەوەوە گوندەكەیان جێهێشتووە و بەرەو شوێنێكی نادیار رۆیشتوون، پۆلیس لێكۆڵینەوەی لە رووداوەكە دەستپێكردووەو بە دوای بكوژەكە دەگەڕێن".