400 دۆنم زەوی جووتیارانی كورد هەڕەشەی داگیركاری لەسەرە

.
.

K24 - كەركووك

شێخێكی عەرەب بەناوی فەرحان غەزال، كە هاووڵاتیانی پەلكانە بە "ئەندازیاری تەعریب" ناوی دەبەن، بەهێزێكی سەربازییەوه هاتووەتە سەر زەوی و زاری جووتیارانی كورد و هەڕەشەی داگیركردنی دەكەن.

محەممەد ئیسماعیل نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕان بە كوردستان24ی راگەیاند "كەمێك پێش ئێستا هێزێكی سەربازی بەسەرپەرشتی حەسەن هادی، فەرماندەی فەوجی دووی لیوای 31ی فیرقەی هەشتی سوپای عێراق لەگەڵ ئەفسەرێكی هەواڵگری بەناوی موهەنەد و شێخێكی تەعریبیان لەگەڵە بەناوی فەرحان غەزال جووتیارانی كوردیان لە گوندی پەلكانە ئاگاداركردووەتەوە، كە دەبێت مەڕەشە و كەرەستەكانی ئاودانی دەغڵودانەكان هەڵبگرن بەبیانووی ئەوەی زەوییەكە بەشێوەی گرێبەست لە سەردەمی رژێمی پێشوو دراوەتە ئەو شێخە، لەكاتێكدا لەڕێگەی دادگاوە سەرجەم گرێبەستەكان هەڵوەشێنراوەتەوە و پێشتریش قەرەبووكراوەتەوەو هیچ پەیوەندییەكی بەو زەویانەوە نییە و جووتیارانی كورد بەڵگەی خاوەندارێتی زەوییەكانیان هەیە".

گوتیشی: "ئەوهێزەی سوپای عێراق جووتیارانی سنورەكەیان ئاگاداركردووەتەوە كە نابێت زەوییەكانیان بۆ كشتوكاڵكردن بەكاربهێنن بەپێچەوانەوە تووشی سزا دەبنەوە".

نوێنەری جووتیاران داواشی لە بەرپرسانی كورد و پەرلەمانتاران كرد، بەهانایانەوە بچن و پلانەكە پووچەڵبكەنەوە.