لە بێدەنگیەكەی سەدر بترسن

Kurd24

سەرەتای ووتارەكەمان بەو ووتە عەرەبیە دەست پێ دەكەین (السكوت علامة الرضا!) ئایا بێ دەنگیەكەی (موقتەدا سەدر) بەمانای ڕازی بوونی دێت لە بەرامبەر دەسەڵاتدارانی عێراق یاخود بێئومیدە و نیگەرانە لەبارودۆخی سیاسی تروسكایی رووناكی نابینی كە كێشەكان بەرەو چارەسەركردن ببات ،بێ گومان هەلبژاردەی دووەم ڕاستە كە نیگەرانە لە دەسەلاتدارانی عیراق.

لەلایەكی تریشەوە شەقامی ناڕازی عیراقی ڕۆژ بەڕۆژ زیاتر دەبێت و دەنگی ناڕازی لەبەرامبەر حكومەتی سودانی زیاتر دەبێت ، بەتایبەتی دوای ناجێگیربوونی نرخی دۆلار بەرامبەر دیناری عیراقی كە ئەمەش ڕەنگدانەوەی خراپی لەسەر گرانی بازاڕ و رەوش و گوزەرانی هاولاتیانی هەبووە ، بۆیە لە ئێستادا خەڵكەكە چاوەڕوانی سەركردەیەك دەكەن كە سەركردایەتی خۆپیشاندان و دەنگی ناڕازی بكات ، بۆ ئەم مەبەستەش لە ئێستادا باشترین سەركردە كە بتوانی هەموو شەقام كۆنترۆڵ بكات ئەویش (موقتەدا صەدرە) كە لە ئێستادا بێ دەنگی هەڵبژاردووە.

بۆیە لەئێستادا عیراق لەبەرامبەر بارودۆخێكی ناروون و ترسناك دایە بەتایبەتی لەرووی ئابوورییەوە كە وەك بنەمایەكی سەرەكی مانەوەی وولاتەكەیە وەك خۆی ، بۆیە لەئێستادا دەبینین دراوی عیراق لەبەرامبەر دۆلار هەرەشەی دارمان و هەرەسی لەسەرە ئەوەش بەیەكەم ئاماژەی رووخان و نەمانی حكومەت دێت لەئایندەدا ئەگەر بێتوو نرخی دۆلار نەگەڕێتەوە دۆخی جارانی و كۆنترۆڵ نەكرێت و ڕێگە نەگیرێ لە بەقاچاغ بردنی دۆلار بۆ ئێران لەلایەن گروپەكانی نزیك لەخۆی كە پێكهێنەری سەرەكی حكومەتی عیراقین ئەوا ئاكامی باش نابێت ، چونكە ئەو بارودۆخە بەسیاسی كراوە و لەكۆتاییدا هاوڵاتی عیراقی زەرەر مەندی یەكەمە لەبەرامبەر گرانی بازار و دەرئەنجامی ئەم بارودۆخەش دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی زیاتری هەژاری و بێكاری و برسێتی بەتایبەتی لەپارێزگاكانی باشووری عیراق كە ناسراون بە بەرزی ڕێژەی هەژاری.

كەواتە حكومەتی عیراق و بانكی ناوەندی عیراق لەبەردەم تاقیكردنەوەیەكی حەقیقی دان تا كۆتایی مانگی یەك ، ئینجا ئەگەر بارودۆخەكە كۆنترۆل نەكرێت ئەوا چاوەروانی گەورەترین خۆپیشاندان دەكرێت كە دەمێكە ئەو شەقامە ناڕازییە لەم دەسەڵاتە بەڵام پێویستیان بە سەركردایەتیەك هەبوو ئیدارەی خۆپیشاندانەكانی بكات ، بۆیە (موقتەدا سەدر) دەبێت بێ دەنگیەكەی بشكێنی جڵەوی بارودۆخەكەی بگرێتە دەست ، ئەگەر ئەوەش نەكات بنكەی جەماوەری خۆی لەدەست دەدات چونكە سەدر بەوە ناسراوە كە لەگەل چینی هەژاران دایە ، لەبەرئەوەی ئەوەی ئێستادا روودەدات بووەتە كارەسات بۆسەر لایەنی ئابووری وولات و هاولاتیان.

خۆپیشاندانی ئەوجارە لەگەڵ هەموو جارەكان جیاوازتر دەبێت چونكە پشتگیری بەهێزی دەكرێت لەلایەن دەستی دەرەكیەوە ، لەلایەكی ترەوە ئەزموونی رابردوو ئەوەمان پێ دەڵیت هەر سیستەم و حكومەتێك كە بەرەو ڕووخان و لەناوچوون چووبێت لەسەرەتاوە ئابووری یەكەی داڕماوە ، بۆیە ئەم بارودۆخەش ئەگەر كۆنترۆل نەكرێت ئەوا بەیەكەم زەنگی مەترسیدار دادەنرێت لەسەر دەوڵەتی عیراقی.

دەبینین هەر لەپاش هەلبژاردنەكانی 10ی ئۆكتۆبەری سالی 2021 هاوپەیمانەكەی توانی (74) كورسی پەرلەمانی بەدەستبهێنی و یەكەمی نێو شیعەكان بوو و هەلگری یەك دروشم بوو (لا شرقية ولا غربية، حكومة أغلبية وطنية)، ئەم دروشمەی (موقتەدا سەدر) داوایەكی سەرەكی خۆپیشاندەرانی تشرینیەكان بوو و كاتێ بەربەست و ئاستەنگی بۆ دروستكرا و هەموو هەولێكی دا پۆستی سەرۆك وەزیران بۆ هاوپەیمانەكەی بێت ، بەلام دواجار سەركەوتوو نەبوو نەیتوانی لەرووی سیاسیەوە براوە بێت بەسەر نەیارانی و زۆر هەوڵیان دا عیراق لەو مەترسیانە دووربخەنەوە كە دێتە پێش.

لەكاتی ئێستادا گەورەترین خۆپیشاندانی لەبەردەم عیراقە و دەبێت سەدر بێ دەنگیەكەشی بشكێنی و بە ناچاریشی بەشداری خۆپیشاندانەكان بكات ، بە دڵناییەوە دروشمی خۆپیشاندانی ئەمجارە ڕووخانی سیستەمی حكومرانی عیراق دەبێت ، كەواتە سەدرییەكانیش دەچنە پال شەقامی ناڕازی و ئەم بارودۆخەش هەلێكی باشە بۆ سەدر كە بێ دەنگیەكەی بشكێنی ، لەكۆتاییدا ئاماژەكەمان ئەوەمان پێ دەلێن كە ئایندەی عیراق ناروونە و مەترسی جدی لەسەر ئەم ولاتە هەیە.