سه‌ركرده‌یه‌كی داعش له‌ پارێزگای ده‌رعای سووریا كوژرا

K24 - هه‌ولێر:

ئاژانسی هەواڵی فەرمی سانای حکومەتی سووریا کوژرانی سەرکردەیەکی داعش و دوو لە یاریدەدەرەکانی راگەیاند.

ئاژانسی هەواڵی سانای فەرمی حکومەتی سووریا لەزاری سەرچاوەیەک بڵاویکردەوە، هێزە ئەمنییەکان ئۆپەراسیۆنێکیان لە شارۆچکەی مەزیریب لە دەوروبەری رۆژئاوای دەرعا ئەنجامدا، بەوهۆیەشەوە یەکێک لە سەرکردەکانی داعش بە ناوی محەممەد عەلی شاگووری، ناسراو بە ئەبوعومەر شاگوری کوژراوە.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشداوە، جگە لە کوژرانی ئەبوعومەر شاگووری، دوو لە یاریدەدەرەکانی بە ناوی ئەحمەد خالد مسری و موحسین زیتا کوژراون.

پارێزگای دەرعا یەکێکە لەو پارێزگایانەی رۆژانە لەلایەن گرووپە چەکدارەکان هێرش دەکرێتە سەر هێزە ئەمنییەکان و سوپای سووریا، رۆژی 18ی ئەم مانگەش  لە ئەنجامی تەقینەوەی بۆمبێکی چێندراو لە رۆژهەڵاتی شاری دەرعا، سەربازێکی سووری کوژرا و حەوتی دیکەش بریندار بوون .