تابلۆیەکی مێژوویی بۆ رێزلێنان لە کوردانی ناشڤیل دادەنرێت

.
.

K24 - واشنتن:

ئەمڕۆ لە شاری ناشڤیل لە ویلایەتی تێنسی لە ئەمەریکا پەردە لەسەر تابلۆیەک لادەدرێت، تابلۆکە بۆ دەربڕینی پێزانین و رێزلێنانی کوردانی شارەکەیە لەپای رۆڵ و بەشدارییە گرنگەکانی رەوەندی کوردستانی لەڕووی مێژوویی و کولتوورییەوە.

بەیان سامى عەبدولرەحمان، نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ئەمەریکا لە لێدوانێکدا گوتی: سوپاس و پێزانینمان هەیە بۆ خەڵک و حکومەتى ناشڤیل بۆ ئەو رێزلێنان و پێزانینە کە ئێمە لەو باوەڕەداین ئەمە یەکەمین جارە هەنگاوێکى مێژوویى لەم شێوەیە بۆ کوردانى دایاسپۆرا دابنرێت.

ناوبراو باسی لەوەشکرد، ماوەى زیاتر لە 50 ساڵە شارى ناشڤیل بووەتە ماڵی کوردانی ئەمەریکا، کە رۆڵ و بەشدارییەکى مەزنیان هەبووە لە پێشکەوتن و پەرەپێدانى شارەکە لە رووى ئابورى و کۆمەڵایەتى و کولتوورىیەوە.

تابلۆى مێژوویى ئاماژە و نیشانەیەکە کە دادەنرێت بۆ یادکردنەوە و هۆشیارکردنەوەى خەڵک دەربارەى نەتەوەیەک و شوێنێک کە بایەخێکى گرنگى هەیە بۆ خەڵکى ئەو شارە و مێژووەکەی.

.