نێچیرڤان بارزانی: دەستوور گرێبەستێکی سیاسی و کۆمەڵایەتییە و ناکرێت پشتگوێ بخرێت

K24 – هەولێر

سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دەستووری عێراق گرێبەستێکی سیاسی و کۆمەڵایەتییە و ناکرێت پشتگوێ بخرێت. جەختیشی کردەوە "بەپێی دەستوور و ئەو رێککەوتنانەی بۆ پێکهێنانی حکومەت کراون پشتیوانی کابینەی محەممەد شیاع سوودانی دەکەین".

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەمیانی بەشداریکردنی لە رێوڕەسمی ساڵیادی تیرۆرکردنی محەممەد باقر حەکیم لە بەغدا وتارێکی پێشکەشکرد و رایگەیاند: محەممەد باقر حەکیم وەکو دامەزرێنەری ئۆپۆزسیۆن لە عێراق رێزێکی تایبەتی هەبوو لەناو گەلی کوردستان، هەمیشە باوەڕی بە گۆڕانکاری و سەرخستنی پرۆسە هەبوو، لە ساڵی 1986 لەگەڵ باوکم ئیدریس بارزانی لە یەکخستنی دونیابینی شیعە و کورد، بۆ رووبەڕووبوونەوەی دیکتاتۆریەت لە عێراق، هەروەها محەممەد باقر حەکیم پەیوەندییەکی گرنگی لەگەڵ سەرۆک بارزانی و مام جەلال تاڵەبانی هەبوو بۆ ئەوەی ئۆپۆزسیۆنی عێراقی یەکبخەن بۆ دژایەتیکردنی دیکتاتۆریەت، هەوڵیانداوە پێگەی عێراق ئاستی جیهان بەرەو پێش ببەن".

سەرۆکی هەرێمی کوردستان، گوتیشی: "محەممەد باقر حەکیم خاوەن فکر و ئایدیایەکی جیاواز بوو لەگەڵ هەموو چین و توێژ و مەزهەبەکان، بڕوای بە لە یەک نزیکبوونەوەی بیروڕا جیاوازەکان هەبوو، هەمیشە کاری بۆ ئەوە کردووە کە هەموو گەلانی عێراق پێکەوە بە ئاشتی بژین. پێشتریش مەلا مستەفا بارزانی رابەری بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کورد، پەیوەندی باشی لەگەڵ بەرپرسانی مەرجەعی شیعە لە عێراق هەبووە، هەوڵیانداوە عێراق لەژێردەستی دیکتاتۆریەت رزگار بکەن، محەمەد باقر حەکیم رۆڵێکی گرنگی هەبوو بەتایبەتی لە ساڵی 1974 ئەوکات فەتوا بۆ کوشتنی کورد درا، ئەو پشتیوانی بۆ کورد دەربڕی و ئەو فەتوایەی رەتکردەوە، ئەو یەکێک بوو لەو سەرکردانەی پێیوابوو پێویستە لە دەستووردا مافی کورد و هەموو پێکهاتەکان جێی بکرێتەوە و مافیان پێبدرێت".

نێچیرڤان بارزانی، ئاماژەی بەوەشکرد: "دەستووری عێراق گرێبەستێکی سیاسی و کۆمەڵایەتییە و ناکرێت پشتگوێ بخرێت، پێویستە لەمەودوا گرنگی بە دەستوور بدرێت و پشگوێ نەخرێت، چونکە لە پرۆسەی سیاسی عێراقدا دەستوور مافی هەمووان دەستەبەر دەکات و بنەمایە بۆ بەڕێوەبردنی دەوڵەت و حکومەتێک کە خزمەتی هەمووان بکات".

باسی لەوەشکرد: "ئێمە لە هەرێمی کوردستان بەپێی دەستوور و ئەو رێککەوتنانەی بۆ پێکهێنانی حکومەت کراون پشتیوانی محەممەد شیاع سوودانی دەکەین و هیوادارین هەموو ئەو خاڵانە جێبەجێ بکات کە لە پێکهێنانی کابینەکەی بەڵێنی داوە، هەروەها پشتیوانی دەکەین بۆ ئەوەی روانگەیەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی بێتە ئاراوە و هەموو کێشەکان بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێن".

سەرۆکی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند: "پێویستە بەغدا بەپێی ماددە دەستوورییەکان رێز لە هەرێم و هەموو ناوچەکانی عێراق بگرێت و مافەکانیان بدات، بێگومان بە جێبەجێکردنی دەستوور بەغدا بەهێزتر دەبێت و ئێمەش پشتیوانی ئەوە دەکەین حکومەتێکی بەهێز لە عێراق هەبێت، کاتێک عێراق بە خراپترین دۆخدا تێپەڕ دەبێت بەردەوام عێراقییەکان چاویان لە پێشکەوتن بووە و دەیانەوێت لە پێشکەوتنی بواری ئاسایشی و خۆشویستنی نیشتمان و بەرەو پێشوەچوونی دەوڵەت تەماشای هەرێمی کوردستان بکرێت".

ئەوەشی خستەڕوو: "هەلی ئەوەمان لەپێشە بۆ ئەوەی پێگەی عێراق بۆ ئاستێکی باش بگێڕینەوە و ئەو کێشانە چارەسەر بکەین کە پێشتر سەریان هەڵداوە، لە روانگەی ئێمەوە هەرێم و ناوچەکانی عێراق دوژمنی یەکتر نین، پێویستە پێکەوە کاربکەین و خاڵی لاوازی خۆمان پیشانی دەرەوە نەدەین، ئێمە پێویستمان بە چەسپاندنی سیستمێکی دیموکراتە کە رێز لە هەموو ئایین و نەتەوەکان بگرێت".