میدڵ ئیست ئای: ئەو دۆلارەی لە ئەمەریکاوە دێت بۆ عێراق رووی لە کەمی کردووە

.
.

 K24 - هەولێر:

پێگەی میدڵ ئیست ئای بەریتانی راپۆرتێکی بنکۆڵکاری سەبارەت بە ناجێگیری بەهای دیناری عێراق بەرامبەر دۆلاری ئەمەریکی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا باسی لەوەکردووە، حکومەتەکەی سودانی رووبەڕووی قەیرانێکی قوڵ بووەتەوە و چاوەڕوانیش دەکرێت لە چەند هەفتەی داهاتوودا قەیرانەکە خراپتر بێت.

لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، بەقاچاخبردنی دۆلار لە عێراقەوە بۆ وڵاتانی دراوسێ و بابەتی دزی سەدە، کە تاڵانکردنی نزیکەی 2.5 ملیار دۆلاری عێراق بوو لەلایەن چەند کەسێکەوە، هۆکاری سەرەکین بۆ ناجێگیری بەهای دیناری عێراق بەرامبەر دۆلار.

پێگەی میدڵ ئیست ئای، لە چەند سەرچاوەیەکی بانکی ناوەندییەوە بڵاویکردووەتەوە، حکومەتی عێراق رووبەڕووی کەمی دراوی دینار بووەتەوە نەک دۆلار، چونکە پێشتر هەموو مانگێک بانکی فیدراڵی ئەمەریکا لە نیویۆرک 10 ملیار دۆلاری داهاتی نەوتی بە دۆلار بۆ عێراق دەنارد بانکی ناوەندی عێراقیش لەرێگەی بانکە بازرگانییەکانەوە دەیکرد بە دینار بۆ پێدانی موچەی هاووڵاتیان، بەڵام ئێستا ئەو دۆلارەی لە ئەمەریکاوە رووی لە کەمی کردووە ئەوەش بووەتە هۆی دراوی دینار لە بانکی ناوەندی عێراق روو لە کەمی بکات.

راوێژکارێکی سەرۆکوەزیرانی عێراق بە پێگەکەی راگەیاندووە، بانکی فیدراڵی ئەمەریکا ژمارەی سیریاڵی نوێی لەسەر ئەو دۆلارانە دانەوە کە بۆ عێراقی دەنێرێت، تاوەکو شوێنهەڵگرتنیان ئاسان بێت بۆ چ شوێنێک دەڕۆن.

لە درێژەی راپۆرتەکەیدا میدڵ ئیست ئای نووسیویەتی، ئەمەریکا لە ساڵی 2014وە بەرپرسانی عێراقی ئاگادارکردووەتەوە لەوەی دۆلار بە قاچاخ بۆ وڵاتانی دراوسێی عێراق دەڕوات، بەڵام سەرۆکوەزیرانەکانی پێشوو بەبیانوی کڕینی سوتەمەنیییەوە لە وڵاتانی دراوسێ ئەو داواکارییەیان بەهەند وەرنەگرتووە.

پێگەکەکە لەسەر زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە ئەوەی خستووەتەڕوو، چوارچێوەی هەماهەنگی کە پێکهێنەری حکومەتن، پێشنیازێکی حکومەتییان بۆ چاپکردنی دینار رەتکردووتەوە سودانیش پێیگووتوون، ئەو هەڵبژاردنانەی لەبەردەستیدایە زۆر کەمن و کاتی زۆریان دەوێت.

هەروەها چوارچێوەی هەماهەنگی سودانیان راسپاردووە، داوا لە بەرپرسانی ئەمەریکا بکات رێکارەکانی سەپاندنی وردبینی سەر بانکی ناوەندی عێراق بۆ رێگریکردن لە قاخچێتی بۆ ماوەی شەش مانگ سووک بکات، بۆ ئەوەی دەرفەت بە بەناکی فیدراڵی بدات خۆی ئامادەبکات بۆ دۆخە نوێیەکە.

هەر سەبارەت بە هەمان پرس، رۆژنامەی واڵ ستریت جۆرناڵی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەداوە، بانکی فیدراڵی ئەمەریکا رێکاری نوێی گرتووەتەبەر بۆ رێگریکردن لە بەقاچاخبردنی دۆلار لە عێراقەوە.

بەپێی رۆژنامەکەش،K رێکارە نوێیەکان %80 بەقاچاخبردنی دۆلار لە عێراقەوە بۆ ئێران کەمدەکەنەوە.