له‌تیف ره‌شید: ئامانجمانه‌ له‌باره‌ی دابه‌شكردنی پشكی ئاو لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ رێکبكه‌وین

له‌تیف ره‌شید، سه‌رۆك كۆماری عێراق
له‌تیف ره‌شید، سه‌رۆك كۆماری عێراق

K24- هه‌ولێر:

لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عێراق رایگەیاند، ئامانجیانه‌ لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بۆ دابەشکردنی پشکی ئاو بگەنە رێککەوتن .

سەرۆک کۆماری عێراق لە نوێترین لێدوانیدا بۆ ئاژانسی سی ئێن بی سی رایگەیاند، تورکیا سەرچاوەی سەرەکی ئاوی عێراقە، کە هەردوو رووباری دیجلە و فورات لەو وڵاتەوە هەڵدەقوڵێن و دەڕژێنە خاکی عێراق.

گوتیشی، پێویستە لەگەڵ لایەنی تورکی بگەنە ئەنجامێکی ئەرێنی، بەشێوەیەکی دادپەروەرانە سامانی ئاو لە نێوان هەردوو وڵات دابەشبکرێت.

ئاماژەی بەوەشدا، نایانەوێت پشکی ئاوی عێراق وەک ساڵانی رابردوو بێت، بەڵکو بەشێوەیەکی دادپەروارەنە و بە گوێرەی  پێویستییەکان ئاو بۆ عێراق بەربدرێتەوە، بۆیە لەسەر ئەو داواکاریانەیان لەگەڵ ئەنقەرە دانوستاندن دەکەن، کە ویستی عێراق تەنیا بۆ بەرژەوەندی عێراق نییە، بەڵکو بەرژەوەندی تورکیاش لە بەرچاودەگرن. بۆیە پێویست دەکات بە جددی دەست بە دانوستاندنەکان بکەن.

درێژی رووباری دیجله‌ 1850 كیلۆمه‌تره‌ و فوراتیش 3000 كیلۆمه‌تر، هه‌ردوو رووبار له‌ باشووری رۆژهه‌ڵاتی توركیا هه‌ڵده‌قوڵێن، به‌ناو سووریا و عێراقدا تێده‌په‌ڕن، تاوه‌كو له‌ شه‌تولعه‌ره‌ب یه‌كده‌گرنه‌وه‌، پاشان بۆ ناو كه‌نداوی عه‌ره‌بی ده‌چن، وه‌ك سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی بواری كشتوكاڵ و خواردنه‌وه‌ به‌كار دێن.