شەڕ لە زاپۆریژیا دەستیپێکردەوە

شەڕ لە زاپۆریژیا دەستیپێکردەوە
شەڕ لە زاپۆریژیا دەستیپێکردەوە

K24 – هه‌ولێر:

دوای چەندین مانگ لە وەستان، شەڕ لە ناوچەی زاپۆریژیا دەستیپێکردەوە.

وەزارەتی بەرگری رووسیا بڵاویکردەوە، هێزەکانی هێرشیانکردووەتە سەر ناوچەی زاپۆریژیا.

هەروەها لە راگەیه‌ندراوەکەی وەزارەتی بەرگری رووسیادا هاتووە، بەهۆی هێرشەکەوە چەندین شوێن ستراتیژیان لە زاپۆریژیا کۆنتڕۆڵکردووە.

پێشتر سوپای رووسیا توانی باشووری هەرێمی زاپۆریژیا کۆنترۆڵ بکات و تا ئێستاش ئەو بەشە لەژێر کۆنترۆڵی ماوەتەوه‌، هەروەها بەشێك بووە لەو چوار هەرێمەی ئۆکرانیا کە ریفراندۆمی تێداکرا و بە مۆسکۆوە لکێندرا.

زاپۆریژیا گەورەترین وێستگە ئەتۆمیی ئۆکرانیا و ئەوروپایە، وزە بە 4 ملیۆن ماڵ لە ئۆکرانیا دەدات.

وێستگەی ئەتۆمی زاپۆریژیا، دروستکردنەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی 1984 تا 1995 لە شاری ئنیرهۆدار لە کەرتی زاپۆریژیا لە باشووری رۆژهەڵاتی ئۆکرانیا، ئه‌و كاته‌ بڕیاری دروستكردنی درا، كه‌ هێشتا یەکێتی سۆڤیەت لە ئۆکرانیا بوونی مابوو، 200 کیلۆمه‌رتر لە هەرێمی دۆنباس و 550 کیلۆمەتر لە کیێڤی پایتەختەوە دوورە، گەورەترین وێستگەی ئەتۆمی ئۆکرانیا و ئەوروپایه‌، نۆهەمینی هەموو جیهانه‌.

وێستگه‌كه‌ بریتییە لە 6 کوورەی ناووکی و توانای بەرهەمهێنانی 42 ملیار کیلۆوات کارەبای لە یەك کاتژمێردا هەیە، لەکاتی ئاسایدا یەك لەسەر پێنجی  کارەبای ئۆکرانیا دابیندەکات، كه‌ دەکاتە نیوەی ئەو وزەیەی بەرهەمهێنراوی وێستگە ناوەکییەکانی ئۆکرانیا و لەلایەن دامەزراوەی نیشتمانی ئۆکرانیا (NNEGC) چاودێری دەکرێت و بەڕێوەده‌برێت.