ئانچیلۆتی: ئه‌م یاریزانه‌ بۆ فرۆشتن نییه‌ و كه‌س ناتوانێت ده‌ستی لێ بدات

كارلۆ ئانچیلۆتی راهێنه‌ری یانه‌ی ریال مه‌درید
كارلۆ ئانچیلۆتی راهێنه‌ری یانه‌ی ریال مه‌درید

ریال مەدرید دوایین یەکەی مەشق و راهێنانی بۆ یارییەکەی سبه‌ی ئەنجامدا، کە بڕیارە لە گەڕی هەژدەمین ببێتە میوانی ئاتڵیتیک بلباو، هەریەکە لە هازارد، داڤید ئالابا، کارڤاخال، ڤینیسیۆس، ڤاسکێز و چوامینی بەشداری راهێنانەکانیان نەکرد و بۆ ئەم یارییە ئامادە نابن.

بەپێی سەرچاوەکان هازارد نوێترین یاریزانی مێرەنگیە کە تووشی پێکان ببێت و ئەم یاریزانە بەلجیکیە لە راهێنانەکان هەستی بە ئازاری پاژنەی پێی کردووە و لە مەشقەکان دابڕاوە.

ریال مەدرید لە لالیگا لە کۆی 16 یاریی 38 خاڵی کۆکردووەتەوە و لە خانەی دووەمی ریزبەندی دەبینرێت و بە جیاوازی سێ خاڵ لە دوای بارسێلۆنای پێشەنگ دەبینرێت.

كارلۆ ئانچیلۆتی راهێنه‌ری یانه‌ی ریال مه‌درید پێش یارییه‌كه‌ له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی دا رایگه‌یپاند لە یاریی رابردوو کاردانەوەی یاریزانه‌كانی بەرامبەر ڤیاریال زۆر باش بوو، ده‌شڵێت: یارییەکی کاریگەرمان ئەنجامدا، بەڵام هەڵەمان کرد، ناکرێت تەنیا مەشق بکەین بۆ گەڕانەوە، ئێمە سەیری ڤیدیۆکان دەکەینەوە بۆ ئەوەی هەڵەکانمان دووبارە نەکەینەوە، بێگومان ئەم یاریەشمان زۆر قوڕس دەبێت.

ئانچیلۆتی گوتیشی: یاریزانەکانی پێشوو و ئێستاش جەنگاوەرن، بینیتان سیبایۆس هەموو شتێکی گۆڕی، بۆ من سەرجەم یاریزانەکان گرنگن کە مێژووی ئەم یانەیان تۆمار کردووە، بەڵام مانای ئەوە نییە کە پێویستە لە سەرجەم یارییەکان بەشداری بکەن.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا، ئانچیلۆتی گوتی: کاماڤینگا هەروەکو مۆدریچ و کرووس بۆ فرۆشتن نییە و کەس ناتوانێت دەستی لێبدات، ئەو بەشێکە لە داهاتووی تیپەکە، چوامینیش داوای لێبوردنی کرد کە هەڵەی کردووە، ئەو کوڕێکی بچووکە و ئیدی هەموو شتێک کۆتایی هات.

لەبارەی تیروپشکی جامی شا، ئانچیلۆتی ده‌ڵێت: بیر لەوە ناکەمەوە کە بەختە یان نا، ئاتڵێتیکۆ رکابەرێکی گەورەیە و پێویستە رێزی لێ بگرین، بێگومان یارییەکی خۆش و جوان دەبێت چونکە یاریی دێربیە.