بڕیاری رێگەدان بە لەباربردنی منداڵ لە ئەمەریکا هەڵوەشێنرایەوە

kurdistan24.net

K24 – واشنتن

دوای نزیکەی نیو سەدە دادگەی باڵای فیدراڵی ئەمەریکا بڕیاری رێگەدانی بە لەباربردنی منداڵی هەڵوەشاندەوە و دەسەڵاتی بە ویلایەتەکان دا، لە رێگەی دەنگدان قەدەغە یاخود رێگە بە لەباربردنی منداڵ بدەن.

لە ساڵی 1974ـەوە کە دادگەی فیدراڵی ئەمەریکا بڕیاریدا ئەو بڕیارەیدا، ساڵانە لە مانگی یەک دژی بڕیارەکە خۆپێشاندان بەڕێوەدەچێت، رۆژی هەینی رابردووش هەزاران کەس کە سەر بە رەوتی محافیزکارانن لە واشنتن دی سی ئەمەریکا کۆبوونەوە و بە درووشمی خۆپێشاندان لەپێناو ژیان چوونە بەردەم دادگەی باڵای فیدراڵی وڵاتەکەیان، ئێستا لە کۆی 50 ویلایەتی ئەمەریکا لە حەوتیان رێگە بە لەباربردنی منداڵ دەدرێت، لە 32 ویلایەت مەرجدارکراوە و لە 13یان بە تەواوی قەدەغەیە.

فرۆگۆدیۆ فرانچیسکۆ مەچینی، هاووڵاتییەکی ئەمەریکایە دەڵێت: "ژیانی هەمووان لەلایەن دەستوورەوە پارێزراوە، کاتێک لە ساڵی 1974 دادگەی باڵا بڕیاریدا، گوتیان زانستی تەواویان لەبەردەست نییە و دڵنیا نین لە ئەنجامەکە، بۆیە ئەگەر لە داهاتوودا زانست سەلماندی بڕیارەکە خراپە، ئەوانیش بڕیارەکە هەڵدەگەڕێننەوە، ئێستاش ئەوە کراوە، ئێستا زانست بەردەستە، ئێمەش بەدوای زانست دەکەوین".

لە بارەی فشارەکانیان بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکە قەشە ماری مارزێنتەر گوتی: "با دەستبەرداری هیواکەمان نەبین، چونکە لای خودا هیچ شتێک ئەستەم نییە، ئێمە بەردەوام دەبین لە خۆپێشاندان بەردەوام دەبین لە پاڕانەوە و دواتر دەبینین سەرکەوتنمان لەم ژیانەدا بەدەستهێناوە".

لەباربردنی منداڵ یەکێکە لە مژارە گرنگەکانی شەقامی ئەمەریکا، لە هەڵبژاردنی میدتێرمی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو لەلایەن کۆماری و دیموکراتەکان ئەو پرسەیان بۆ بەدەستهێنانی دەنگ بەکارهێنرا. دادگەی باڵای فیدراڵی مافی بە ویلایەتەکان داوە بە دەنگدان قەدەغە یان رێگە بە لەباربردنی منداڵ بدەن، ئێستا لە حەوت ویلایەت رێگەی پێدەدرێت لە 32 ویلایەت مەرجدارکراوە و لە 13 ویلایەتیش بە تەواوی قەدەغەکراوە و سزای ئەو پزیشکانەش دەدرێت کە منداڵ لەبار دەبەن.