عێراق داوای لێبوردن لە عومان دەکات

یاری نێوان عومان و عێراق
یاری نێوان عومان و عێراق

K24 - هەولێر:

یەکێتی تۆپی پێی عێراق داوای لێبوردن لە هاندەرانی عومان دەکات، بەهۆی دروستبوونی ئاستەنگی بۆیان و دواکەوتنیان لەکاتی چوونە نێو یاریگای نێودەوڵەتی بەسرە بەمەبەستی پاڵپشتیکردنی هەڵبژاردەی وڵاتەکەیان لە یاری کۆتایی جامی کەنداو.

یەکێتی تۆپی پێی عێراق بە سەرۆکایەتی عەدنان دەرجال لە بەیاننامەیەکدا، "لە دڵەوە" سوپاسی یەکێتی تۆپی پێی عومان و هاندەرانی ئەو وڵاتە دەکات بۆ هەماهەنگیان لەکاتی بەڕێوەچوونی جامەکە.

عەدنان دەرجال جەختی لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ سەڵەتەنەی عومان کردەوە لە گشت بوارەکاندا و رایگەیاند، ئەوەی روویداوە کاریگەری لەسەر پەیوەندییەکانی عومان و عێراق نابێت.

یاری کۆتایی جامی کەنداو 25 لەنێوان عێراق و عومان بەڕێوەچوو، کە بە بردەنەوەی عێراق بە ئەنجامی 3 – 2 کۆتایی هات.

.