تابلۆیەکی مێژوویی بۆ رۆڵی کورد لە شەقامێکی ناشڤیل دانرا

kurdistan24.net

K24 - ناشڤیل

شارەوانیی ناشڤیل لە ویلایەتیی تێنێسی ئەمەریکا، بۆ پێزانین لە رۆڵی گرنگی رەوەندی کوردی شارەکە تابلۆیەکی لەسەر یەکێک لە شەقامە سەرەکییەکانی شارەکە دانا، تابلۆکە باس لە سەرەتای چوونی کورد بۆ ناشڤیل دەکات. شاری ناشڤیل لەنێو کوردان بە کوردستانی بچووک ناسراوە، کە زیاتر لە 20 هەزار کوردی تەواوی بەشەکانی کوردستان لەو شارە دەژین.

لە شاری ناشڤیلی پایتەختی ویلایەتیی تێنێسی ئەمەریکا پەردە لەسەر تابلۆیەکی مێژوویی کورد لابرا ئەوەش لەپای گرنگی و رۆڵی رەوەندی کوردی کە لە ماوەی نیو سەدەی رابردوو پێشکەش بە شارەکەیان کردووە. تابلۆکە باس لە مێژووی سەرەتای چوونی کورد بۆ ناشڤیل دەکات لە ساڵی 1976.

تابلۆکە لەلایەن شارەوانیی ناشڤیل وەک پێزانینێک بۆ رەوەندی کوردی، وەک گەورەترین کۆمەڵگەی کوردی لە شارەکە لەسەر یەکێک لە شەقامە سەرەکییەکان دانرا، کە نزیکە لە سەنتەری سەلاحەددین و ژمارەیەک پڕۆژەی بازرگانی کوردان. لە رێوڕەسمەکە سەرەڕای ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆری رەوەندی کوردی، بەرپرسانی شارەوانیی و حکومیی بەشدار بوون.

جۆن کوپەر، سەرۆکی شارەوانیی ناشڤیل بە کوردستان24ی گوت: "زۆر گرنگە تابلۆیەکی مێژوویی هەبێت کە باس لە پەیوەندیی لەمێژینە و دەوڵەمەندی نێوان خەڵکی کورد و شاری ناشڤیلی تێنێسی بکات، شتێکی مەزنە کە گەورەترین رەوەندی کوردی لە ئەمەریکا لێرەیە، ئێمە بەو بۆنەیەوە ئاهەنگ دەگێڕین، هەر بۆیە تابلۆیەکی مێژووییمان دانا، هەروەها یەکەم مزگەوتی کوردی لێرەیە، ئێستا پەیوەندییەکی 50 ساڵە لەنێوان هەردوو خەڵکەکەماندا هەیە، ئێمە چاومان لەوەیە پەیوەندییەکی فەرمی دەستەخوشکیمان لەگەڵ شارێکی کوردستان هەبێت و گفتوگۆی گرنگی کولتووری لەنێوان خەڵکەکەمان بەردەوام بێت".

بەپێی دوایین ئاماری نافەرمی، تاوەکو ساڵی 2022، زیاتر لە 20 هەزار کورد لە شاری ناشڤیل دەژین، ئەمە گەورەترین کۆمەڵگەی کوردییە لە شارێکی ئەمریکا، هەر ئەمەش وایکردووە، ناشڤیل بە کوردستانی بچووک بناسرێت، کوردی شارەکە رۆڵی بەرچاویان لە کەرتی ئابووری، بازرگانی، کۆمەڵایەتیی، پەروەردە و پیشەگەریدا هەیە.

دەیان ساڵ لەمەوبەر بەهۆی ستەم و زۆرداری رژێمەکان، هەزاران کورد وەک پەنابەر روویان لە ناشڤیل کرد، ئێستا ژمارەی رەوەندی کوردی شارەکە زیاتر لە 20 هەزار کەسە. بۆیە شارەوانیی ناشڤیل لەسەر یەکێک لە شەقامە سەرەکییەکان تابلۆیەکی دانا کە باس لە مێژووی هاتنی کورد و رۆڵی رەوەندی کوردی لە شارەکە دەکات.