شەش بەڵگەنامەی دیکەی نهێنی لە ماڵی بایدن دۆزرانەوە

K24 - هەولێر

بۆب بایەر، پارێزەری جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا رایگەیاند، لە ماڵی بایدن لە ویلایەتی دێلاوێیر شەش بەڵگەنامەی دیکەی نهێنی دۆزراونەتەوە و بەشێک لە بەڵگەنامەکان دەگەڕێنەوە بۆ ئەوکاتەی بایدن سیناتۆر و جێگری سەرۆکی پێشووتری ئەمەریکا بووە.

جەختیشیکردەوە، لێکۆڵینەوە و پشکنین لە ماڵەکەی بایدن زیاتر لە 12 کاتژمێری خایاندووە و سەرۆکی ئەمەریکاش ئامادەیی تەواوی خۆی دەربڕیووە، بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوە و پشکنین لە ماڵەکەی ئەنجامبدرێت.

ئەمەش لەکاتێکدایە، پێشتر دووجار، چەندین بەڵگەنامەی نهێنی لە ماڵ و ئۆفیسی سەرۆکی ئەمەریکا دۆزرابوونەوە، کە چەندین زانیاریان سەبارەت بە ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا تێدابووە.