سەرۆکوەزیرانی سوید سوتاندنی قورئان سەرکۆنە دەکات

سووتاندنی قورئان لە سوید کاردانەوەی وڵاتە ئیسلامییەکانی لێدەکەوێتەوە
.
.

K24 - هەولێر:

ئولف کریستەرسۆن، سەرۆکوەزیرانی سوید سوتاندنی کۆپییەکەی قورئان لە ستۆکهۆڵم سەرکۆنە دەکات و گوتیشی: سووتاندنی ئەو کتێبانەی کە بۆ زۆر کەس پیرۆزن، بێڕێزییەکی گەورەیە.

ڕاسموس پالودان سیاسەتمەداری ڕاستڕەوی توندڕەو رۆژی شەممە لەبەردەم باڵیۆزخانەی تورکیا لە پایتەختی سوید، ئاگری لە کۆپییەکی (قورئان) کتێبی پیرۆزی موسڵمانان بەردا.

لەبەرانبەر سووتاندنی قورئان لەنزیک باڵیۆزخانەی تورکیا لە پایتەختی سوید، ئەنقەرە هەڵویستی خۆی راگەیاند و، سەردانەکەی وەزیری بەرگری سویدی بۆ وڵاتەکەی هەڵوەشاندەوە و باڵیۆزی ستۆکهۆڵمی بانگهێشت کرد.

ئۆلف کریستێرسۆن، سەرۆکوەزیرانی سوید لەلای خۆیەوە لە تویتێکدا رایگەیاند، ئازادی رادەربڕین بەشێکی بنەڕەتی دیموکراسییە. بەڵام ئەوەی یاساییە مەرج نییە گونجاو بێت. سووتاندنی ئەو کتێبانەی کە بۆ زۆر کەس پیرۆزن، بێڕێزییەکی گەورەیە.

گوتیشی: دەمەوێت هاوخەمی خۆم بۆ هەموو ئەو موسڵمانانە دەرببڕم کە توڕەن بەو شتەی لە ستۆکهۆڵم روویداوە.

زۆرێک لە وڵاتانی موسڵمان هەڵوێستیان لە بەرانبەر ئەو کارەدا وەرگرتووە، لەوانە، مەغریب کە سەرسامی خۆیان راگەیاند لەوەی، چۆن لەلایەن دەسەڵاتداران رێگەیان پێدراوە و "لەبەردەم هێزە ئەمنییەکانی سوید" کارێکی لەوجۆرە ئەنجامدراوە.

هەروەها ئەندۆنیزیا و عەرەبستانی سعوودیە و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی ئیدانەیان ئەو کردەوەیەیان کرد، هەروەک ئەنجوومەنی هاوکاریی کەنداو و رێکخراوی هاوکاری ئیسلامیش ئیدانەیان کرد.