ئەمڕۆ یەكێتی ئەوروپا لەبارەی سوپای پاسدارانەوە بڕیار دەدات

سوپای پاسدارانی ئێران
سوپای پاسدارانی ئێران

K24 - هەولێر:

دوای ئەوەی پەرلەمانی یەكێتی ئەوروپا بە زۆرینەی دەنگ پرۆژە یاسایەكی پەسەند كرد، كە تێیدا داوای لە كۆمسیۆن و ئەنجوومەنی وەزیرانی یەكێتی ئەوروپا كرد، سوپای پاسداران بخاتە لیستی تیرۆرەوە، بڕیارە ئەمڕۆ یەکێتی ئەوروپا بە دەنگدان دوا بڕیار لەسەر بە تیرۆریست ناساندنی سوپای پاسداران بدات.

ئەمەش لە کاتێکدایە دوێنێ پەرلەمانی ئێران لە کۆبوونەوەیەکی داخراو کە بە ئامادەبوونی هەریەک لە وەزیری دەرەوە و فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران بەڕێوەچوو، لە راگەیاندراوێکدا هۆشدارییانداوە، لە ئەگەری بە تیرۆریست ناساندنی سوپای پاسداران لەلایەن یەکێتیی ئەوروپاوە، بڕیاری هاوشێوە لە دژی سوپای وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا دەدەن.

لەو بارەیەوە، ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاند، ئەم هەنگاوەی پەرلەمانی ئەوروپا پەیوەندی بە "شکستهێنانی" ناڕەزاییەتییەکانەوە هەیە لە ئێران، گوتیشی "لە رێگەی شەقامەوە نەیانتوانی زیان بە ئێران بگەیێنن، هەربۆیە بەو رێگەیە هەوڵ دەدەن بمانوەستێنن".

سەبارەت بە سوپای پاسدارانیش، رەئیسی ئەوەی خستەڕوو، "ئەو سوپایە هێزێکی فەرمییە و بە تیرۆریست ناساندنی پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکانە".