چوار تۆمه‌تباری رووداوى هێرشه‌كه‌ی مێردین دان به‌ تاوانه‌كه‌یاندا ده‌نێن

K24 - هه‌ولێر:

چوار تۆمه‌تباری تاوانی كوشتنی پێنج هاووڵاتییه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر رێگه‌ی نوسێبین – مێردین دانیان به‌ تاوانه‌كه‌یان دانا و له‌لایه‌ن دادگای مێردینه‌وه‌، زیندانیكران تاوه‌كو ته‌واوبوونی لێكۆڵینه‌وه‌كان و ده‌رچوونی بڕیاری كۆتایی له‌لایه‌ن دادگاوه‌.

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ (23ـی كانوونی دووه‌م/یه‌نایری 2023)، دادگای مێردین یه‌كێك له‌ تۆمه‌تباره‌ ده‌ستگیكراوه‌كانی رووداوی كوشتنی پێنج هاووڵاتی هه‌رێمی كوردستان كه‌ دانیشتووی شاری دهۆك بوون، به‌ كه‌فاله‌ت ئازادكرد و چوار تۆمه‌تباری دیكه‌شی زیندانیكرد.

به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی په‌یامنێری كوردستان24، ئه‌و چوار تۆمه‌تباره‌ی ده‌ستگیركراون، دانیان به‌ تاوانه‌كه‌ ناوه‌ و ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌، بۆ پاره‌ ئه‌و كاره‌یان كردووه‌، له‌ كاتێكدا، ئاماژه‌یان به‌وه‌كردووه‌، له‌ ئۆتۆمبێلی پێنج هاووڵاتییه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستان، ته‌نها 300 لیره‌ی توركی و 16 دۆلاری ئه‌مه‌ریكییان دۆزیوه‌ته‌وه‌.

هه‌رچه‌نده‌ به‌پێی رێكاره‌ یاساییه‌كانی دادگا، هێشتا لێكۆلینه‌وه‌كان به‌رده‌وامن و به‌ فه‌رمی هیچ زانیارییه‌كیان بۆ رای گشتی ئاشكرانه‌كردووه‌.

دوای ئه‌وه‌ی رۆژی پێنجشه‌ممه‌ی رابردوو (19ـی كانوونی دووه‌م/یه‌نایری 2023) له‌سه‌ر رێگه‌ی نوسێبین – مێردین له‌لایه‌ن چه‌ند چه‌كدارێكه‌وه‌ هێرشده‌كرێته‌ سه‌ر ئۆتۆمبێلی پێنج هاووڵاتی هه‌رێمی كوردستان كه‌ دانیشتووی شاری دهۆكن كه‌ بۆ مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ری روویان له‌ باكووری كوردستان كردبوو.