یه‌كێتی ئه‌وروپا له‌ بڕیارێكی سه‌باره‌ت به‌ سوپای پاسداران شكستیهێنا

برۆكسل
برۆكسل

K24 – هه‌ولێر:

یەکێتیی ئەوروپا چوارەم پاکێجی گەمارۆ ئابوورییەکانی سەر ئێرانی پەسند کرد، بەڵام لەسەر بە تیرۆریست ناساندنی سوپای پاسداران نەیانتوانی بڕیاری یەکلاکەرەوە بدەن. بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا رایگه‌یاند، ئەم پرسە دەبێ سەرەتا لە دادگاکانی ئەوروپاوە بڕیاری لەسەر بدرێت.

وەزیرانی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا ژماره‌یه‌كی دیکەی گەمارۆکان لە دژی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان پەسند کرد.

بەر لە کۆبوونەوەکە وەزیری دەرەوەی ئه‌ڵمانیا، ئانەلینا بایربۆک رایگەیاند، پرسی بە تیرۆریست ناساندنی سوپای پاسداران و سەپاندنی گەمارۆی نوێ لەسەر دەسەڵاتدارانی ئێران، تەوەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆکانیان دەبێت.

گوتیشی: "ئێمە پشتیوانی لەم هەنگاوەی کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا دەکەین سەبارەت بە بەتیرۆریست ناساندی سوپای پاسدارانی ئێران.  پێویستە ئەمڕۆ هەموو ئەندامانی یەکێتی ئەوروپا سەبارەت بەو پرسە گفتوگۆ بکەین. لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆمان پاکێجێکی دیکەی سزاکانمان بەسەر ئێران دەسەپێنین و دەبێت ئەمڕۆ پاکێجەکە لەلایەن کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپاوە پەسەند بکرێت."

لەم پاکێجە نوێیەی یەکێتیی ئەوروپادا 37 کەسایەتی و دامەزراوەی ئێرانی کە دەستیان لە سەرکوتی خۆپێشاندانەکانی هاووڵاتیاندا هەبووە گەمارۆیان خراوەتە سەر. بەڵام  وەزیرانی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا خۆیان لە بە تیرۆریست ناساندنی سوپای پاسدران بوارد.

کاسرین کۆڵۆنا وەزیری دەرەوەی فەرەنسا گوتی: "ئێمە سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران لە ئێران ئیدانە دەکەین، داوا لە تاران دەکەین، بەپێی ئەو پەیماننامەیەی لە نەتەوەیەکگرتووەکان لەسەر مافەکانی مرۆڤ واژووی کردووە رێز لە ئازادی مەدەنی و مافەکانی مرۆڤ بگرێت. سەبارەت بە سوپای پاسدارانیش، لە ساڵی 2010ەوە بەهۆی ئەو چالاکییانەی ئەنجامیانداون سزایان بەسەردا سەپێنراوە و سزاکانیش بەردەوامن، لەسەر بە تیرۆریست ناساندنیشی، ئەوە شتێک نییە راستەوخۆ بڕیاری لەسەر بدەیت ئێمە چاودێری دۆخەکە دەکەین و سزای زیاتریشیان بەسەردا دەسەپێنین."

جۆزێپ بۆرێڵ، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپاش رایگەیاند بە تیرۆریست ناساندنی سوپای پاسداران پرسێکە کە دەبێ دادگا بڕیاری لەسەر بدات جا لە لایەن وڵاتانی ئەورووپاوە پشتیوانیی لێ بکرێت.

گوتیشی: "چەندین بیروبۆچوون هەیە سەبارەت بە پرسی بە تیرۆریست ناساندی سوپای پاسدارانی ئێران، بەڵام سەرەتا دەبێت دادگا بڕیاری لەسەر بدات و هەمووان ئیدانەی سوپای پاسداران بکەن ئەوکات ئێمەش بڕیاری لەسەر دەدەین. لەگەڵ ئەوەشدا، ئێمە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆمان سزای نوێ بەسەر ئەو کەسایەتیانە دەسەپێنین کە مافەکانی مرۆڤ پێشێلدەکەن."

نوێنەرانی پەرلەمانی ئەورووپا رۆژی پێنجشەممە بەزۆرینەی دەنگ داوایان لە کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا کرد سوپای پاسداران بە تیرۆریست بناسێنێ.

لە بەرامبەریشدا کۆماری ئیسلامیی ئێران هۆشداریی دابوو ئەگەر سوپای پاسداران لە لایەن ئەورووپاوە وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی بناسرێ ئەوا ئێرانیش هەموو سوپاکانی وڵاتانی ئەورووپا وەک تیرۆریست دەناسێنێ.