تاران: خهباتی پاسداران ئاسایشی ئهوروپای له تیرۆر پاراست

K24 – ههولێر:
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، رایگهیاند، ئاسایشی ئەوروپا ئەنجامی خەباتی سوپای پاسدارانه له دژی تیرۆر.
ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگهیاند، هەر جۆرە هێرشێک بۆ سەر سوپای پاسداران لەهەر جۆرێک بێ، وەک هێرش بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە و بێگومان لایەنی هێرشبەر وهڵامی پێویست وەردەگرێتەوە.
گوتیشی: هەڵبەت سوپای پاسداران هێزێکی گەورە و بەهێزە و کەس ناتوانێت پشتگوێی بخات، بەڵام کردەوەی نەشیاوی یەکێتیی ئەوروپا وەک ئەوە وایە ئەوان دەستی هێزێکی گەورەی دژەتیرۆر ببەستنەوە و لە بەرامبەردا دەستی تیرۆریستەکان بکەنەوە. ههروهها گوتی: حوکمڕانە ئاقڵەکانی ئەوروپا جگە لەو ژمارە کەمە تازە پێگەیشتووەی لە ههندێک وڵاتی ئەوروپا بە دەسەڵات گەیشتوون دەزانن و ئێمەش لێرەوە بە خەڵکی ئەوروپا دەڵێین ئەگەر ئاسایشێک لە ئەوروپا هەیە ئەوە لە سایەی سوپای پاسدارانەوەیە.
ئاماژهی بهوهشدا، ئەوروپا پێشتر لە لایەن داعشەوە هیرشی کراوەتە سەر و خەڵکیش بوونەتە قوربانی. ئەگەر ئێستا ئاسایشێک لە ئەورووپا هەیە ئەوە ئەنجامی خەبات و تێکۆشانی سوپای پاسداران لە عێراق و سووریایە و کەس ناتوانێ نکۆڵی لەمە بکات.