ئه‌مڕۆ ساڵیادی كۆچی دوایی گه‌وره‌ هونه‌رمه‌ندی كورد محه‌ممه‌دی ماملێیه‌

یادی (24) ساڵه‌ی كۆچی دوایی محه‌ممه‌دی ماملێ ده‌كرێته‌وه‌
یادی (24) ساڵه‌ی كۆچی دوایی محه‌ممه‌دی ماملێ ده‌كرێته‌وه‌

K24 – هه‌ولێر:

ئەمڕۆ 24 ساڵ بەسەر کۆچی دوایی ھونەرمەندی گەورەی كورد محەممەدی ماملێ تێدەپەڕێت، ماملێ لە ساڵی 1925 لە شاری مەهابادی رۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە و لە 23ـی یەکی ساڵی 1999 لە مەهاباد کۆچی دواییکرد و نێژرا، ماملێ خاوەنی زیاتر لە 700 گۆرانییە.

ئەمڕۆ 24 ساڵ بەسەر کۆچی دوایی ھونەرمەندی گۆرانیبێژ و مەقامبێژی کورد، محەممەدی ماملێ تێدەپەڕێت.

ماملێ، ناوی محەممەد کوڕی سەعید کوڕی عەلییە، لە ساڵی 1925 زاینی لە گەڕەکی خڕێ-ی شاری مهاباد-ی رۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە، خوێندنی سەرەتایی لە خوێندنگای پەهلەوی و سەعادەت لە مهاباد تەواوکردووە و لە 23ی کانوونی دووەمی 1999 بەهۆی نەخۆشی لە مهاباد کۆچی دوایی کرد.

نازناوی ماملێ لە باپیرییەوە بۆی ماوەتەوە، وەک خۆی باسیکردووە، باوکی نەخوێندەواربووە و کاتێک سەرژمێری گشتی هاتووە بۆ نووسینی لێی پرسیووە، ناوی خۆت و باوکت چییە؟ ئەویش گوتویەتی سەعید مام عەلی، ئەوانیش نووسیویانە سەعید ماملێ، چونکە زمانی فارسی پیتی (ع) لە قسەکردندا بەکار ناهێنن ئیتر خەڵک لەوە بەولاوە هەر دەڵێن ماملێ.

بنەماڵەی ماملێ دەنگێکی پڕ جۆش و خرۆش و زوڵاڵیان هەیە، هەر ئەم بۆمانەوەشە هانی ماملێ-ی داوە لە منداڵییەوە هونەر بکاتە هاوڕێی خۆی و ببێت بە یەکێک لە شۆڕەسوارانی هونەری کوردیی.

محەممەدی ماملێ یەکەم بەرهەمی گۆرانی لە ساڵی 1938تۆمارکردووە.

ماملێ زۆر ئاشنای خەلیلی سەدیقی و رەفیق چالاک بووە وە گۆرانییەکانی تایەر تۆفیق و عەلی مەردان و سەیدعەلی ئەسغەر کوردستانی و محەممەد عارف و تەحسین تەهای زۆر بە دڵ بوون، لە هەڵبەستیشدا هەڵبەستەکانی (وەفایی و سلێمانی شاوەلە و مارف ئاغا و گۆران و هەژار و هێمن)ـی لا پەسەند بووە و لە زۆر گۆرانیدا بەکاریهێناون، بەگشتی-ش ماملێ خاوەنی زیاتر لە 700 گۆرانییە.

ماملێ لە رۆژانی خۆشیدا بە بەستە و گۆرانی بەزم و کۆڕی ھاوقەتارانی رازاندووەتەوە و لە رۆژانی تەنگانەشدا بە قەتار و لایلایە خەڵکی لاواندووەتەوە.