زیاتر لە 913 هەزار ئاوارە و پەنابەر لە هەرێمی كوردستاندا دەژین

یه‌كێك له‌ كه‌مپه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بۆ ئاواره‌ و په‌نابه‌ران
یه‌كێك له‌ كه‌مپه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بۆ ئاواره‌ و په‌نابه‌ران

K24 – هه‌ولێر:

به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان تا كۆتایی ساڵی 2022، زیاتر له‌ 913 هه‌زار ئاواره‌ و په‌نابه‌ر له‌ هه‌رێمی كوردستاندا ده‌ژین.

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ (23ـی كانوونی دووه‌م/یه‌نایری 2023)، فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری دوایین ئاماری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كۆچ و كۆچبه‌ران له‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان بڵاوكرده‌وه‌، كه‌ رێژەی ئاوارەكان بە گشتی لە هەرێمی كوردستان، نزیكەی 665 هه‌زار كه‌س و رێژەی پەنابەرانیش زیاتر لە 248 هه‌زار كه‌س بووه‌ تاوه‌كو كۆتایی ساڵی 2022.

هه‌ر بەپێی ئامارەکەی بەڕێوەبەرایەتی کۆچ و کۆچبەران لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان، رێژەی ئاوارەكان بە گشتی لە هەرێمی كوردستان، 664 هه‌زار و 798 كه‌س بووه‌ كه‌ 174 هه‌زار و 706 كه‌سیان له‌ ناو كه‌مپه‌كاندان و له‌و ژماره‌یه‌ش، 102 كه‌سیان گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ بۆ شوێنی ره‌سه‌نی خۆیان، هه‌روه‌ها 230 ئاواره‌ی دیكه‌ش چوونه‌ته‌وه‌ كه‌مپه‌كان.

سه‌باره‌ت به‌ ژماره‌ی ئاواره‌كان له‌ ده‌ره‌وه‌ی كه‌مپه‌كان، ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی کۆچ و کۆچبەران لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان روونیكردووه‌ته‌وه‌، 490 هه‌زار 92 كه‌س بوونه‌.

هه‌روه‌ها رێژەی پەنابەران له‌ كه‌مپه‌كان له‌ ساڵی رابردوو، 93 هه‌زار و 966 كه‌س بووه‌، 154 هه‌زار 468 كه‌سی دیكه‌ش له‌ ده‌ره‌وه‌ی كه‌مپه‌كان تۆماركراون، له‌و ژماره‌یه‌شدا، 367 كه‌س گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ بۆ شوێنی ره‌سه‌نی خۆیان و 482 په‌نابه‌ری نوێش له‌ كه‌مپه‌كان شوێنی حه‌وانه‌وه‌یان بۆ دابینكراوه‌.