دژی سوتاندنی قورئان ژمارەیەک هاووڵاتی لە بەغدا ناڕەزایەتی دەردەبڕن

kurdistan24.net

K24 - هەولێر

لە بەغدا پایتەختی عێراق، ناڕەزایەتی بەرامبەر سوتاندنی قورئانی پیرۆز لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید، نیشاندرا.

ژمارەیەک خۆپیشاندەر لەبەردەم باڵیۆزخانەی سوید لە بەغدا کۆبوونەوە و ناڕەزایەتییان لەبەرامبەر سوتاندنی قورئانی پیرۆز لەلایەن سەرۆکی پارتی رێڕەوی راست-ی راستڕەوی توندئاژۆ، راسموس پالودان لەبەردەم باڵیۆزخانەی تورکیا لە ستۆکهۆڵم، دەربڕی.

خۆپیشاندەران، چەند درووشمێکیان دەگوتەوە وەک "هەموومان قوربانی ئیسلامین" و "بژی عێراق" و درووشمی "با ئەوانەی قورئانی پیرۆزیان سوتاندووە سزا بدرێن" "سوتاندنی قورئانی پیرۆز لە سوید تاوانێکی گەورەیە".

هاوکات رێگە بە گرووپێک خۆپیشاندەر نەدرا کە هەوڵیاندا بچنە نێو باڵەخانەی باڵیۆزخانەکەوە.

چەند خۆپیشاندەرێک لە کاتی بڵاوەپێکردنیان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە برینداربوون و رێوشوێنە ئەمنییەکانی دەورەبەری باڵیۆزخانەی سوید توندکران.