وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا: ئەو کەسەی قورئانی سوتاندووە رەنگە هاندرابێت

K24 - هەولێر:
نێرد پرایس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا سەبارەت بە سوتاندنی قورئان لە سوید رایگەیاند، کەسێک کە رەنگە هاندرابێت، هەوڵیداوە کێشە بۆ گفتوگۆکانی بەئەندامبوونی سوید لە ناتۆ دروستبکات.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا باسی لەوەش کرد، کە سوید و فینلاند ئامادەن ببن بە ئەندام لە ناتۆ بەهۆی توانای سوپاکانیان و هەروەها ئەو پەیوەندییە دوورودرێژەی لەبواری ئاسایش هەمانە لەگەڵیان کە دەگەڕێتەوە بۆ چەند دەیەیەک لەمەوبەر.
لەبارەی سوتاندنی قورئان لەلایەن سیاسەتمەدارێکی راستڕەوی سویدی، نێد پرایس گوتی "کەسێک کە لەوانەیە کە هاندرابێت، هەوڵیداوە ناکۆکی بخاتە نێوان دوو هاوپەیمانی نزیکی ئێمە کە تورکیا و سویدن، بۆئەوەی کاریگەری لەسەر گفتوگۆکانی بە ئەندامبوونی سوید لە ناتۆ بکات".
رۆژی 21ـی کانوونی دووەم، راسموس پالودان سیاسەتمەداری راستڕەوی توندڕەو، لەبەردەم باڵیۆزخانەی تورکیا لە پایتەختی سوید، ئاگری لە کۆپییەکی (قورئان) کتێبی پیرۆزی موسڵمانان بەردا.
لەبەرانبەر سووتاندنی قورئان لەنزیک باڵیۆزخانەی تورکیا لە پایتەختی سوید، ئەنقەرە هەڵویستی خۆی راگەیاند و، سەردانەکەی وەزیری بەرگری سویدی بۆ وڵاتەکەی هەڵوەشاندەوە.
چەندین وڵات و دامەزراوەی ئیسلامیش هەڵوێستی خۆیان لەدژی سوتاندنی قورئان راگەیاند و بەشێك لە رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش کردەوەکەیان سەرکۆنەیان کرد.