کچە رۆژنامەنووسێک لەسەر بڵاوکردنەوەی بابەتێک لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان دەستگیرکراوە

"بریارە ئەمڕۆ کچە رۆژنامەنووسەکە ئازاد بکرێت"
سۆما خالید، رۆژنامەنووس
سۆما خالید، رۆژنامەنووس

K24 - سلێمانی:

کچە رۆژنامەنووسێک لەسەر نووسینی بابەتێک لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان لەلایەن نەخۆشخانەی شارەوە سکاڵای لەسەر تۆمارکراوە و بە بڕیاری دادوەر دەستگیرکراوە، لەسەر دۆسیەکە رێکخەری سەنتەری میترۆ دەڵێت "بڕیارە ئەمڕۆ کچە رۆژنامەنووسەکە ئازاد بکرێت".

رەحمان غەریب، رێکخەری سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی رۆژنامەنووسان ئەمڕۆ (24ی کانوونی دووەمی 2022) بە کوردستان24ی راگەیاند، "دەستگیرکردنی کچە رۆژنامەنووس سۆما خالید، لەسەر سکاڵایەکی نەخۆشخانەی شار بووە، چونکە پێشتر بابەتێکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکردووەتەوە لەسەر ئەو نەخۆشخانەیە، بۆیە دوێنێ دادوەر بڕیاریداوە پێنج رۆژ رابگیرێت، بەڵام بڕیارە ئەمڕۆ ئازاد بکرێت".

رێکخەری سەنتەری میترۆ باسی لەوەشکرد، کچە رۆژنامەنووسەکە بەگوێرەی یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن دەستگیرکراوە، لە کاتێکدا پێویست بوو بەگوێرەی یاسای رۆژنامەگەری مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، بابەتەکەش ئەوەندە گەورە نەبووە تا سکاڵای لەسەر تۆمار بکرێت.

رەحمان غەریب دەڵێت "پێویستە بابەتی رەخنەگرتن و نووسین، بە یاسای رۆژنامەگەری مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت، نابێت دوو یاسای جیاواز بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسییەکاندا بەکاربهێندرێت، چونکە ئەوە مەترسییە لەسەر ئازادی رادەربڕین و کاری رۆژنامەنووسی".

هەر لەسەر دۆسیەکە، کاروان ئەنوەر، بەرپرسی لقی سلێمانی سەندیکای رۆژنامەنووسان بە کوردستان24ی راگەیاند "ئەو کچە رۆژنامەنووسە وەک هاووڵاتییەک سکاڵای لەسەر تۆمارکراوە، پێش ئەوەی بچێتە بنکەی پۆلیس، دەبوو ئێمە ئاگادار بکاتەوە، بۆئەوەی کەسێک لە سەندیکای رۆژنامەنووسان لەگەڵیدا بچنە لای پۆلیس و لەکاتی وتە لێوەرگرتندا وەک رۆژنامەنووس مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت نەک هاووڵاتی، بەڵام ئەو کچە رۆژنامەنووسە، کاتێک دادوەر بڕیاریداوە پێنج رۆژ رابگیرێت، دواتر ئێمەی ئاگادار کردووەتەوە، کە بڕیاری دادوەر دەرچووە و نەتوانراوە دۆسیەکەی وەک رۆژنامەنووس بڕیاری لەسەر بدرێت".

کاروان ئەنوەر گوتیشی، ئەمڕۆ هەوڵدەدرێت بە ئامادەبوونی ئەندامێکی خێزانەکەی داوا پێشکەشی دادوەر بکرێت، بۆئەوەی بە کەفالەت ئازاد بکرێت.

سۆما خالید، رۆژنامەنووسە و دانیشتووی شاری سلێمانییە، لە ئەکاونتی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، بابەتێکی لەسەر شێوازی مامەڵەکردنی کارمەندانی نەخۆشخانەی شار لەگەڵ هاووڵاتیاندا بڵاوکردووەتەوە و باسی لەوە کردووە، کە بەشێوەیەکی نەشیاو مامەڵە لەگەڵ نەخۆشدا دەکرێت.