ئه‌ردۆغان له‌باره‌ی ئه‌ندامێتی سوید له‌ ناتۆ؛ سه‌ره‌تا رێز لە بیروباوەڕە ئایینییەکان بگرن

ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆككۆماری توركیا
ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆككۆماری توركیا

K24 - هه‌ولێر:

رەجەب تەیب ئەردۆغان پەیامێکی ئاراستەی سوید کرد و پێی راگەیاندن کە تا ئەوان رێز لە بیروباوەڕە ئایینییەکان نەگرن ئەوە چاوەڕێی پشتیوانی ئەنقەرە نەکەن بۆ ئەندامبوونیان لە ناتۆ. 

ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆككۆماری توركیا لە دوای کۆبوونەوەی کابینەی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا لە کۆشکی کۆماری لە ئەنقەرە، پەیامێکی ئاراستەی سوید کرد و پێی راگەیاندن، كه‌ تا ئەوان رێز لە بیروباوەڕە ئایینییەکان نەگرن ئەوە چاوەڕێی پشتیوانی ئەنقەرە نەکەن بۆ ئەندامبوونیان لە ناتۆ.

سه‌رۆككۆماری تورکیا، گوتی: "ئەگەر ئێوە رێز لە بیروباوەڕە ئایینییەکانی تورکیا و موسڵمانان ناگرن، ئەوە چاوەڕێی هیچ پاڵپشتییەکمان لێمەکەن بۆ ئەندامبوونتان لە ناتۆ".

ئەردۆغان، ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم کردەوە قيزەونە لە سوید (سووتاندنی قورئان) سووکایەتی کردنە بە هەموو ئەوانەی کە رێز لە ماف و ئازادییە سەرەکییەکانی خەڵک دەگرن و لە سەرووی هەموویانەوە موسڵمانان و گوتی: "ئەو قورئانە پیرۆزەی کە خوای گەورە دەیپارێزێت هیچ زیانێکی بەرناکەوێت ئەگەر كۆپییه‌كی لەلایەن پاشماوەیەکی خاچپەرستەکان بسوتێندرێت. ئەوەش دەزانین لە سەردەمی هەڵمەتی خاچپەرستەکانەوە چەمکەکانی ئیسلام و تورکەکان لای ئەوروپا یەکسانە و ئێمەش شانازی بەو یەکسانییە دەکەین".

رەجەب تەیب ئەردۆغان، ئەوەشی خستەڕوو کە ئەوانەی هۆکاربوون لە روودانی ئەم جۆرە شەرمەزارییە (سووتاندنی قورئانی) لە بەردەم باڵیۆزخانەی تورکیا لە ستۆکهۆڵم چاوەڕێی هیچ جۆرە چاکەیەک لە ئەنقەرە نەکەن سەبارەت بە داواکاریی ئەندامبوون لە ناتۆ.

ئەردۆغان، گوتی: "ئەگەر (سوید) ئەندامانی رێکخراوە تیرۆریستییەکان و دوژمنانی ئیسلامی زۆر خۆشدەوێت، ئەوە ئامۆژگاری دەکەین پەنا بۆ ئەوان ببات بۆ ئەوەی بەرگری لێبکەن".  گوتیشی: "کەس ئازادی سووکایەتیکردنی بە پیرۆزییەکانی ئیسلام و ئایینەکانی دیکەی نییە".

سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان ئاماژەی بەوە کرد کە لەو رۆژەوەی ئایینی ئیسلام وەکو موژدە بۆ پێغەمبەر محەمەد (د.خ) دابەزیوە بە چەندین کاری دوژمنانە کراوەتە ئامانج و گوتی: "بەڵام لە بەرامبەر ئەو هەموو دژایەتییە، خوای گەورە گوتی 'بێگومان ھەر ئێمە قورئانمان ناردووه‌تە خوارەوە و بەڕاستی ھەر ئێمەش دەیپارێزین'، و ئێمەش وەکو موسڵمانان ئەرکە لەسەرمان ئەو رێزە نیشانبدەین کە ئەم کتێبە پیرۆزە شایەنێتی".

ئەردۆغان، ئەوەشی خستەڕوو کە سنووری ماف و ئازادیی تاکەکان کە بڕبڕەی پشتی دیموکراسییە کاتێک کۆتایی دێت کە دەستدرێژی دەکرێتە سەر ماف و ئازادیی کەسانی تر و گوتی: "ئەم دەستدرێژییە ناپاکەی سەر قورئان لە بەردەم باڵیۆزخانەی تورکیا لە ستۆکهۆڵم ئەم پرسە دەکاتە پرسێکی ئایینی و نیشتمانی بۆ تورکیا".

ئەردۆغان، گوتیشی: "ئیدارەی سوید مافی ئەوەی نییە کە باسی ماف و ئازادیمان بۆ بکات. ئەگەر ئێوە تا ئەم ئاستە رێز لە ماف و ئازادی دەگرن، ئەوە دەبێت سەرەتا رێز لە بیروباوەڕی ئایینیی کۆماری تورکیا و موسڵمانان بگرن".

سه‌رچاوه‌: ئه‌نادۆڵ