سوودانی پێشوازی له میر حازم ته‌حسین به‌گ كرد
K24 - هه‌ولێر:
سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، پێشوازی له میر حازم ته‌حسین به‌گ میری ئێزدیان له عێراق و جیهان، كرد.
ئه‌مڕۆ (سێشه‌ممه 24ـی كانوونی دووه‌م / یه‌نایه‌ری 2023)، نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكردوه، تێیدا هاتووه: محه‌ممه‌د شیاع سوودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، پێشوازی له میر حازم ته‌حسین به‌گ میری ئێزدیان له عێراق و جیهان و شاندی یاوه‌ری كرد، كه له نوێنه‌رانی پێكهاته‌ی ئێزدی له‌ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران و ژماره‌یه‌ك له زانایانی ئایینی و شێخ و ناودارانی ئێزدی پێكهاتبوون.
له دیدارێكدا سوودانی رایگه‌یاند، شانازی و رێزێكی زۆری بۆ ئه‌م پێكهاته قوربانیده‌ره هه‌یه.
سوودانی روونیشیكرده‌وه، ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی شنگال و ده‌شتی نه‌ینه‌وا له ئامانجه‌كانی حكومه‌تی عێراقه.
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، ئاوه‌دانكردنه‌وه و پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزارییه‌كان، مه‌رجی سه‌قامگیربوونی ناوچه‌كه‌یه.
بۆ بڕیاری تاپۆكردنی موڵكه‌كان له شنگال، میر حازم ته‌حسین به‌گ سوپاسی و پێزانینی په‌یڕه‌وانی ئایینی ئێزدی به سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق راگه‌یاند.
هه‌روه‌ها شانده‌كه داوایان له سوودانی كرد، سه‌ردانی شنگال و په‌رستگه‌ی لالش بكات، سوودانی به‌ڵێنیدا ئه‌م داواكارییه له كاتێكی نزیكدا جێبه‌جێ بكات.