زیاتر لە 33 هەزار مووچەخۆری وەزارەتی پێشمەرگە لە بانکەکان مووچە وەردەگرن

دابەشکردنی مووچە
دابەشکردنی مووچە

K24 – هەولێر

لە چوارچێوەی پرۆسەی چاکسازی و رێکخستنەوەی میلاک و کاروباروبارەکانی وەزارەتی پێشمەرگە، تائێستا زیاتر لە 33 هەزار مووچەخۆری وەزارەتی پێشمەرگە هەژماری بۆ دروستکراوە و لە بانکەکان مووچە وەردەگرن.

لیژنەی باڵای بەدواداچوونی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی، رێکەوتی 12ـی تەممووزی 2020، لە کۆبوونەوەی سێیەمی خۆی تایبەت بە وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە، بڕیاری دا بە میکانیزمێکی نوێ میلاک و بودجەی هەردوو یەکەی 70 و 80 بخاتەوە سەر وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە.

لەم سێ ساڵەشدا، بۆ رێکخستن و یەکخستنی هێزەکانی دەرەوەی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە، ژمارەی لیوا هاوبەشەکان له‌ 14 لیواوە کراونەتە 19 لیوا و میلاکی وەزارەتیش له‌ 43 هەزار و 347 پێشمەرگە بووه‌تە 60 هەزار و 16 پێشمه‌رگه.

لەو چوارچێوەیەدا بە مەبەستى بەئەلیکترۆنیکردن و بەسیستەمکردنى وەزارەتى کاروباری پێشمەرگە، بڕیاردرا کە مووچەى هێزەکانی پێشمەرگە لە بانکەکان و بەپێى هەژمارى تایبەت بدرێت و ئێستا ژمارەى مووچەوەرگرانى پێشمەرگە بەپێى هەژمارى تایبەتى بانک لە 5 هەزار و 818 پێشمەرگەوە گەیشتووەتە 33 هەزار و 800 پێشمەرگە.

فەرماندەییەکانی هێزەکانی پشتیوانیی 1، 2ـیش کە پێشتر لە چوارچێوەى وەزارەتى کاروباری پێشمەرگەدا نەبوون، لەماوەى رابردوودا خرانەوە سەر میلاکی ئەو وەزارەتە کە ئەمەش وەک دەستکەوتێکى گرنگ هەژمار دەکرێت.

وەزارەتى کاروباری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، یەکێکە لەو وەزارەتانەى کە لە رووى چاکسازى و یەکدەستكردنی میلاکەوە، لە سێ ساڵى رابردوودا کارى رژد و گەورەى ئەنجام داوە.

کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان، سوورە لەسەر جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی لەنێو سەرجەم وەزارەت و فەرمانگە حکومییەکان و لەم پێناوەشدا هەنگاوی باشی بڕیوە.

 

سەرچاوە: فەرمانگەی میدیا و زانیاری